لە هەولێر کۆنفرانسی رۆژی جیهانی تالاسیمیا بەرێوەدەچێت
هەولێر – نۆرس پرێس
کۆنفرانسی رۆژی جیهانی تالاسیمیا بەبەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە دکتۆر و پسپۆر و تووشبووانی تالاسیمیا و کاربەدەستانی تەندروستی هەرێمی کوردستان بەرێوەچوو.
بەپێی سەرچاوەکان، بەراورد بە ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستاندا 37 حاڵەتی تالاسیمیا زیادیان کردووە.
کاربەدەستانی کەرتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکەن، کە لەڕێگەی بەرێوەبەرایەتی بانکەکانی خوێنی هەرێمی کوردستانەوە بەردەوام خوێنی پێویست بۆ نەخۆشانی تالاسیمیا دابین دەکرێت و تێچووی ئەو خوێنەی کە بەکاردەهێنرێت لەماوەی ساڵێکدا نزیکەی یەک ملیار دیناری عێراقییە.
جێی باسە تالاسیمیا نەخۆشیەکی جیهانیە و بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە و پزیشکان هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە جێبەجێنەکردنی رێنماییە تەندروستیەکان و نەبوونی هوشیاری تەندروستی هۆکاری تووشبوون بەو نەخۆشیەن و هەروەها پێیان وایە کە گرنگی بە مەرجەکانی پشکنینی نێوان هاوسەران نادرێت بۆیە نەخۆشی تالاسیمیا ڕوو لەزیادبوونە و خوێنی دژ بەیەکی هاوسەرانیش وایکردووە کە ئەم نەخۆشیە ڕوو لە هەڵکشان بێت.