دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرچاوە تایبەتەکان بە نۆرس پرێسیان راگەیاند، ژمارەی هاوڵاتییە سورییە دەستبەسەرکراوەکان لە لایەن جەندرمەی تورکیاوە لە سەرەتای مانگی نیسانی رابردووەوە تا دوێنێ یەکشەممە، گەیشتووەتە 21 کەس، کە لە نێویاندا 3 ژن هەیە و مەترسی لە چارەنووسیان هەیە.
سەرچاوەکان لە دەزگای پۆلیسی دەستەی تەحریرشام (بەرەی نوسرەی پێشتر)ەوە، لە میحوەرەکانی “عزمارین و خربەت ئەلجوز”ەوە لە رۆژئاوای ئیدلب، بە نۆرس پرێسیان راگەیاندووە، کە جەندرمەی تورکیا 21 هاوڵاتی سوری دەستبەسەر کردووە، لەنێویاندا 3 ژن، کە هەوڵیانداوە بە شێوەیەکی نایاسایی بپەڕنەوە ناو خاکی تورکیا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ناوچەکانی “عزمارین و خربەت ئەلجوز”، لە رۆژئاوای ئیدلب، چڕترین ناوچەکانی بەقاچاخبردنی مرۆڤن، بەڵام لەم دواییانەدا تەقەکردن بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە لایەن جەندرمەوە بەسەر خەڵکدا زیادی کردووە، بە بیانووی پاراستنی سنوورەکان، بەڵام ئامانجی راستەقینە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی بەقاچاخ بردنە، کە تێیدا بەشێک لە بەرپرسانی جەندرمە بەرێژەیەک تێیدا بەشدارن، بەپێی لێدوانی هەندێک لە قاچاخچییەکانی ناوچەکە.
لەکاتێکدا خانەوادەی دەستگیرکراوەکان چوونەتە دەروازەی باب ئەلهەوا، لە هەوڵدان بۆ زانینی چارەنووسی دەسگیرکراوەکان کە لەو ماوەیەی پێشتردا لە شارۆچکەی “عزمارین” لەکاتی هەوڵدان بۆ پەڕینەوە بۆ ناو خاکی تورکیا بێسەروشوێن بوون، بەڵام هیچیان روونکردنەوەیەکیان لەلایەن جەندرمەوە دەستنەکەوت.
دوێنێ یەکشەممە، ژنێک و منداڵەکەی لەلایەن پاسەوانانی سنووری تورکیا (جەندرمە)وە برینداربوون لەکاتێکدا لەگەڵ کەسانی دیکە هەوڵیان دەدا سنووری سوریا و تورکیا ببەزێنن، لە نزیک شارۆچکەی خربەت ئەلجوز لە گوندەواری جسر ئەلشوغور لە رۆژئاوای ئیدلب.
ئەو هاوڵاتییە سووریانەی هەوڵی چوونە ناو خاکی تورکیا دەدەن، لەلایەن جەندرمەی تورکیاوە بە گولەی زیندوو هێرشیان دەکرێتەسەر، لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەشی چاودێری و بەڵگەنامەی نۆرس پرێس کوژرانی 23 کەس و برینداربوونی 96ی دیکەیان بەبەڵگەکردووە، کە لانیکەم دوو منداڵ و پێنج ژنیشیان تێدایە.