زانیاری دزەپێکراو لە ئەمریکا دەربارەی ناردنی چەکی ئێرانی بۆ سوریا لە رێگەی هاوکارییەکانی بومەلەرزەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
رۆژنامەیەکی ئەمریکی زانیاری دزەپێکراوی دەربارەی پیلانێکی ئێران و لایەن نزیکەکانی بڵاوکردەوە، بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا لە رێگەی ناردنی چەکی نهێنیەوە، بەشێوەیەکی شاراوە لەناو ئەو یارمەتییە مرۆییانەدا کە بۆ لێقەوماوانی کارەساتی ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی سوریا و تورکیا دەنێردرێت.
ئەم دزەپێکردنە بە لێدوانی بەرپرسێکی هەواڵگری ئەمریکا و بەرپرسێکی سەربازیی ئاگاداری ئیسرائیل بەهێزتر بوو، ئەمەش لە راپۆرتێکی درێژی رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریکیدا بڵاوکرایەوە.
ئەنجامەکان کە لە دزەپێکردنەکەدا روونکراونەتەوە، کە لە رێگەی پلاتفۆرمی پەیام ناردنی “دیسکۆرد”ەوە بڵاوکرایەوە، بەپێی رۆژنامەکە، پرسیاری توند لەبارەی توانای ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ رێگریکردن لە چەکە ئێرانییەکان دەوروژێنن کە بە شێوەیەکی رۆتینی بۆ بەئامانجگرتنی کارمەندانی ئەمریکا بەکاردەهێنرێن لە سوریا.
ئەو بەڵگەنامە نهێنییە کە پێشتر ئاشکرا نەکراوە، راپۆرتەکانی پێشوو پشتڕاس دەکەنەوە، کە ئێران کەرەستەی سەربازیی و بەرگری لە ناو یارمەتییەکان بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە لە سوریا، شاردبووەوە.
بەرپرسێکی بەرگری ئەمریکا رەتیکردەوە تاوتوێی ئەو بەڵگەنامەیە بکات، بەڵام ئاماژەی بەوەدا کە ئەوەی باسکراوە یەکدەگرێتەوە لەگەڵ هەوڵەکانی پێشووی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران “بۆ بەکارهێنانی ئەو هاوکارییە مرۆییانەی کە بۆ عێراق و سوریا دانراون وەک ئامرازێک بۆ گەیاندنی کەرەستەی سەربازی بە گروپەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران”.
مانگی رابردوو بەرپرسانی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیان راگەیاندبوو، کە راپۆرتی ئاژانسەکە، لەسەر بنەمای نۆ کەس لە سوریا، ئێران، ئیسرائیل و رۆژئاوا، گوایە تاران فڕۆکەی بارهەڵگری بەکارهێنابێت بۆ گواستنەوەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی بۆ ناو سوریا، لەژێر ناوی هاوکاری مرۆیدا، “هەڵە” بوون.
بەپێی ئەو بەڵگەنامەیە دزەپێکراوە، ئێران بە قاچاخ چەکی هێرشبەری بۆ ناو سوریا گواستوەتەوە، کە لە چەکی سووک و تەقەمەنی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی نەناسراو پێکدێت.
لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە کە ئەم کارە بە کەڵک وەرگرتن لە کاروانێکی ئۆتۆمبێل لە رێگەی عێراقەوە ئەنجام دراون، ئەویش بەهاوکاری گروپە چەکدارە دۆستەکانی لەوێ و سوپای قودسی ئەو وڵاتە، ئەنجامدراون.
ئەو بەرپرسە سەربازییە ئیسرائیلییە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بۆ تاوتوێکردنی زانیارییە هەستیارەکان هاوشێوەی ئەوانی دیکە کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە بۆ ئەم راپۆرتە، ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە سوپای قودس لەم جۆرە چالاکییەدا تێوەگلاوە.
بەڵگەنامە هەواڵگرییە دزەپێکراوەکە پشتڕاستی دەکاتەوە کە راستەوخۆ دوای بوومەلەرزەکە، ئێران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی بە خێرایی هەنگاویان ناوە بۆ سودوەرگرتن لەو دۆخە.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، گروپێکی چەکداری “نزیک لە ئێران” کە بنکەکەی لە عێراقە ” گواستنەوەی دەمانچە و تەقەمەنی و 30 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان رێکخستووە کە لەناو کاروانە فریاگوزارییەکاندا شاردرابوونەوە، بۆ پاڵپشتیکردنی هێرشەکانی داهاتوو بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا”.