پێشبینی دەکرێت بەر لە بەشداریکردنی لە لوتکەی عەرەبی ئەسەد سەردانی سعودییە بکات

دیمەشق – نۆرس پرێس

بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی “تاس”ی رووسی، پێشبینی دەکرێت بەشار ئەسەدی سورۆکی سوریا، بەر لە بەشداریکردنی لە لوتکەی عەرەبی سەردانی ریاز بکات، ئەویش دوای بڕیاری کۆمکاری عەرەبی بۆ گەڕاندنەوەی دیمەشق وەک ئەندام بۆ سەر کورسییەکەی لەو کۆمکارە.

دوێنێ یەکشەممە، ئەندامانی کۆمکاری عەرەبی، لە کۆبوونەوە نائاساییەکەیدا لە قاهیرە، دوای دابڕانێکی 12 ساڵی، رێککەوتن لەسەر گەڕانەوەی دیمەشق بۆ سەر کورسییەکەی.

ئەحمەد ئەبولغەیت، ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی رایگەیاند، کە ئێستا بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا دەتوانێت بەشداری لە لوتکەی داهاتووی عەرەبی لە پایتەختی سعودیە بکات، “ئەگەر بیەوێت”.

ئاژانسی “تاس” لە زاری شارەزای لوبنانی لە کاروباری سوریادا، نیزاڵ سابی، نووسیویەتی کە شازادە محەمەد بن سەلمان ئالسعود “رێگایەکی گرتەبەر بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ناکۆکی لە ناوچەکەدا بە پێچەوانەی ئیرادەی ئەمریکا، کە بۆ دەیان ساڵ بووە هۆی سووتەمەنی دژایەتی و ململانێی تائیفی لە نێوان وڵاتانی عەرەبیدا”.

لە راپۆرتە رووسییەکەدا هاتووە کە زانیاری لە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە لە ریاز و دیمەشق هەیە کە ئەگەری سەردانێکی لەو شێوەیە پێش کۆبوونەوەی لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە 19ی ئایاردا، لە ئارادایە.

لە راپۆرتەکەدا هۆکاری هەنگاوی سعودیەی بۆ بانگهێشتکردنی ئەسەد گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە شازادەی جێنشین بەنیازە “کۆبوونەوەی ریاز لە بەرزترین ئاستی مێژوودا وەک لوتکەیەک بۆ یەکخستنی ریزەکانی عەرەب لە ژێر چاودێری سعودیە کۆبکاتەوە”.

گوتیشی: پێموایە میراتگری تەختی سعودیە زۆر لە ئامانجەکەی نزیکە، چونکە هەر لە رۆژی شەممەوە کەس پێشبینی ئەوەی نەدەکرد کە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەب لە قاهیرە لە 7ی ئایاردا بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێبێت و دوای دوازدە ساڵ دابڕان، رێگا بۆ گەڕانەوەی سوریا بۆ ناو کۆمکارەکە بکاتەوە.

ئەو شارەزایە لوبنانییە بەدووری نەزانی سەرۆکەکانی ئێران و تورکیا، ئیبراهیم رەئیسی و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وەک میوانی فەخری بانگهێشتی ریاز بکرێن.

ئاژانسه رووسییەکه پێی وایه کۆتاییهێنان به بایکۆتی عەرەبی بۆ سوریا، دەبێتە هۆی “کەمکردنەوەی” توانای ئه مریکا و یه کێتیی ئەورووپا بۆ پارێزگاریکردن لە سزا ئابوورییە سەپێنراوەکانی سەر دیمەشق، جەختی کردەوە که “کاریگەرییان بەشێوەیەکی زۆر کەم دەبێتەوه و رۆژئاوا ناچار ده بێت دان به شکستدا بنێت”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر