ئوردن هەڕەشەکانی خۆی بەرامبەر سوریا جێبەجێکرد

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

هێزەکانی ئوردن دوو هەوڵی بەقاچاخبردنی بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر، چەک و تەقەمەنی لە سوریاوە بۆ ئوردن پووچەڵکردەوە.

هێزە چەکدارەکانی ئوردن لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە “رۆژی یەکشەممە، 7ی ئایاری 2023  هێزە چەکدارەکانی ئوردن، لە بەرەکانی باکوور و رۆژهەڵات، هەوڵێکیان پووچەڵکردەوە بۆ دزەپێکردن و بەقاچاخبردنی بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەر و بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی لە خاکی سوریاوە بۆ نێو خاکی ئوردن”.

سەرچاوەیەکی سەربازیی فەرمی لە فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئوردن رایگەیاند، “هێزەکانی پاسەوانی سنوور بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، لە ڕێگەی چاودێری پێشوەختەوە، توانیان رێگری بکەن لە هەوڵێکی کۆمەڵێک قاچاخچی لە بەرەکانی باکور و رۆژهەڵات بۆ پەڕینەوە سنوورەکە بە شێوەیەکی نایاسایی لە خاکی سوریاوە بۆ خاکی ئوردن”.

 لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هێزەکانی کاردانەوەی خێرا تەقەیان لە هەردوو گروپەکە کرد، ئەمەش بووە هۆی پاشەکشەی قاچاخچییەکان بۆ نێو خاکی سوریا.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، دوای چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و پشکنینی ناوچەی رۆژهەڵات، یەک ملیۆن و 200 هەزار حەبی کاپتاگۆن، 900 پارچەی جۆراوجۆر لە ماددە هۆشبەرەکان، 5 چەکی کڵاشینکۆف و بڕێک تەقەمەنی دۆزرایەوە.

هەروەها لە ناوچەی سەربازی باکور 300 هەزار حەبی کاپتاگۆن و نیو کیلۆ کریستاڵ و 3 چەکی کڵاشینکۆف و بڕێکی زۆر تەقەمەنی دۆزرایەوە، کەلوپەلەکانی دەست بەسەرداگیراو گواسترانەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار.

شەوی هەینی رابردوو، ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن هەڕەشەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە نێو خاکی سوریای کرد، بە ئامانجی وەستاندنی پرۆسەکانی قاچاخچێتی لە سوریاوە بۆ نێو خاکی ئوردن.

 لە لێدوانەکانیدا بۆ کەناڵی “سی ئێن ئێن”ی ئەمریکی، ئاماژەی بەوەدا کە خەڵکێکی زۆر بەدەست لێکەوتەکانی شەڕی سوریاوە دەناڵێنن، لەنێویاندا ئوردن، بۆیە ئەوانیش هەرچی پێویست بێت بۆ کەمکردنەوەی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی ئوردن دەگرینە بەر.

لە کۆبوونەوەی رۆژ 1 ئایار کە لە ئوردن بە بەشداری، سعودیە، سوریا، عێراق، میسر و ئوردن بۆ دۆزینەوەی گەراندنەوەی سوریا بۆ نو کۆمکاری عەرەبی، یەکێک لە تەوەرە سەرەکیەکانی کۆبونەوەکە ئەوە بوو، کە دەبێت بە یەکجاری بەقاچاخبردنی ماددە هؤشبەرەکان لە سوریا بۆ وڵاتانی دیکە نەمێنێت و رێگری لێبکربێت.