سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی پێکهاتەکان دووپات دەکاتەوە

هەولێر- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ یەکشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کاردینال لویس ساکۆ پاتریارکی کەنیسەی کلدانیی کاتۆلیکی لە عێراق و جیهان، دۆخی کریستانەکانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق تاوتوێ کرد.

لە پەیوەندییەکەدا، سەرۆکی حکومەت پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ مافەکانی گشت پێکهاتەکان و بەتایبەتی کریستیانەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان و باشترکردنی دۆخی کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا دووپات کردەوە و جەختی لە گرنگیی پەرەپێدان و قووڵکردنەوەی بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکان کردەوە.

پاتریارک کاردینال لویس ساکۆ سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پشتیوانیی بەردەوامیی هەرێمی کوردستان لە کریستیانەکان دەربڕی.