سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق دەکات

هەولێر- نۆرس پرێس

ڕۆژی یەکشەممە 7ی ئایار لە سەلاحەدین سەرۆک مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە مایک برایسن ریجاردسن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.

لە دیدارەکەدا رۆزی کەیڤ کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر ئامادە بوو، سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی گەلی بەریتانیا کرد بەبۆنەی تاج لە سەرنانی شا چارلسی سێیەم.

لە بەشێکی تری دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ تاوتوێ کران و جەختیش لە پەرەپێدان و باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرایەوە.

هەر لەو دیدارەدا بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان تاوتوێکرا و جەخت لە پێویستیی ئەنجامدانی  هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا کرایەوە.