هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا هەنگاوەکانی وڵاتانی عەرەبی بەرەو دیمەشق بە “بێ کەڵک” ناودەبات

قامشلۆ – نۆرس پرێس

هاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە لێدوانێکدا سەبارەت بە هەنگاوەکانی وڵاتانی عەرەبی بەرەو دیمەشق گوتی، “بەردەوامی پێشێلکارییەکانی رژێمی ئەسەد دەیسەلمێنێت کە هەنگاوەکانی هەندێک وڵاتی عەرەبی بەرەو دیمەشق بێ کەڵکن”.

ئەمەش بە گوتەی هەیسەم رەحمە، ئەمینداری گشتی هاوپەیمانی، کە لە راگەینراوێکدا دوێنێ شەممە، لە روپەڕی خۆی بڵاویکردەوە.

 ئاماژەی بەوەشکرد، “لێدوانەکانی ئەم دواییەی شانشینی ئوردن سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان بە دەستێوەردانی راستەوخۆی سەربازی، ئاماژەیە بۆ ئەوەی ناتوانرێت متمانە بە رێژیم بکرێت و پشتی پێ ببەسترێت کە لە هەر ئاستێکدا هیچ پێشکەوتنێک بەدەست بهێنێت”.

رەحمە ئاماژەی بەوەدا کە “هەڵوسرێنەری رژێمی ئەسەد، لە رابردوو و ئێستادا، رژێمی ئێرانە، کە ئامانجی فراوانخوازانەی هەیە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی مەلاکان لە ناوچەکەدا”.

رەحمە زیادی کرد: رژێمی ئەسەد گوێی بە داواکارییەکانی وڵاتانی عەرەبی نەداوە بۆ راگرتنی هەناردەکردنی ماددەی هۆشبەر کە لە ژێر چاودێرییە ئەمنییەکان و میلیشیاکان و چەتەکانیدا ئەنجام دەدرێت.

ناوبراو جەختی لە پشتیوانی ئۆپۆزسیۆن کردەوە بۆ هەر “دەستپێشخەرییەکی عەرەبی یان نێودەوڵەتی کە ببێتە هۆی پێشکەوتن لە پرۆسەی سیاسیدا بەپێی بڕیارنامەی نێودەوڵەتی 2254″، ئاماژەی بەوەشکرد کە رژێمی ئەسەد هەوڵ بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەدات.

ناوبراو داوای لە شانشینی ئوردن کرد “بە جددی چاو بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ رژێمدا بخشێنێتەوە، ئەمەش وایکرد کە ببێتە رێڕەوێک بۆ ماددە هۆشبەرەکان و کاپتاگۆن لە ناوچەکانی کۆنترۆڵکردنی خۆیەوە بۆ دەوڵەتانی کەنداو و جیهان بە گشتی”.

داواکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ وڵاتانی عەرەبی لە کاتێکدایە کە دۆسیەی لێکنزیکبوونەوە و ئاساییکردنەوەی عەرەبی لەگەڵ دیمەشق پێشهاتێکی بەرچاو و خێرای بەخۆوە بینیوە، لە کاتێکدا وڵاتانی عەرەبی چەند مانگێکە هەوڵیان هەیە بۆ گەڕاندنەوەی سوریا بۆ کورسییە بەتاڵەکەی لە کۆمکاری عەرەبیدا.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: مالین محەمەد