400 ژنی داعش لە زیندانێکی بەغدا مانیان لە خۆراک گرتووە
هەولێر – نۆرس پرێس
لانیکەم 400 ژن لە هەفتەی دووەمیاندا لە مانگرتن لە خواردن لە زیندانێکی ئەمنی لە بەغدای پایتەختی عێراق بەردەوامن.
ئاژانسی “بی بی سی” بریتانی بزانیویەتی، کە نزیکەی 400 ژن لە زیندانێکی دەست بەسەرداگیراوانی داعش لە بەغدا، ماوەی دوو هەفتەیە مانیان لە خواردن گرتووە، بە گوێرەی ئاژانسەکە، هێشتا بەردەوامن لە مانگرتنیان.
ئەو زیندانیانە بە تۆمەتی ئەندامێتی یان لایەنگری دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” زیندانی کراون، بەڵام خۆیان پێیان وایە کە دادگاییکردنەکەیان نادادپەروەرانە بووە.
ئاژانسەکە گواستیەوە کە “دەگوترێ ئەو گرووپەی بەشداری مانگرتنیان لە خواردن کردووە، خەڵکی بیانی لە وڵاتانی رووسیا، تورکیا، ئازەربایجان، ئۆکرانیا، سووریا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئەمریکا لەخۆدەگرێت.”
راشیانگەیاند کە پێدەچێت نزیکەی 100 منداڵیش لەم زیندانەدا دەستبەسەربن.
دوای راوەدوونانیانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە “داعش” لە هەردوو وڵاتی سوریا و عێراق، پاش خۆیان ماڵبات و کەسوکارەکانیان لێ بەجێما، زۆرێک لەوان لە کامپ و ناوەندەکانی دەستبەسەرداگرتن و زیندانەکانی ئەو دوو وڵاتەدا دەستبەسەرن.