هەولێر – نۆرس پرێس
“سەڵاحەدین دەمیرتاش”ھاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان”ھەدەپە”، داوا لە هاوڵاتیانی باکووری کوردستان و تورکیا دەکات بەشداری ھەڵبژاردن بکەن و دەنگ بە پارتی چەپی سەوز بدەن.
لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار و پەرلەمانی تورکیا، سەلاحەدین دەمیرتاش کە نزیکەی 7 ساڵە لە گرتووخانە ئەدیرنە دەستبەسەرە، بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی تویتەکانی. دوای نیوەڕۆی دوینێ شەممە، لە تویتێکدا پەیامێکی تایبەتی بڵاوکردەوە.
دەمیرتاش لە تویتەکەیدا نووسیویەتی: “کار و چالاکییەکانی بانگەشە تەنیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی مەکەن. تەنانەت یەک کەسیش نییە کە لێرە قایل ببێت. تا رۆژی 14ی ئایار ماڵ بە ماڵ و گوند بە گوند بگەڕێن. با بەریەککەوتنتان لەگەڵ خەڵک هەبێت و دەستیان بگوشن و لە باوەشیان بگرن”.
سەلاحەدین دەمیرتاش بە تایبەتیش رووی دەمی کردووەتە خوێندکارانی زانکۆ و داوایان لێدەکات ئەم هەفتەیە بە چڕی کارەکانی بانگەشە بکەن و نووسیویەتی: “دەی گەنجەکان، با لە یەکەمین خوولدا کارەکە تەواو بکەین”.
بەهەمان شێوەش “عوسمان بایدەمیر”سیاسەتمەداری کورد لە باکوری کوردستان لە پەیامێکدا داوای لە هاوڵاتیانی کوردستانی باکوور و ھێزە دیموکراتیەکانی دەرەوەی وڵات دەکات، دەنگ بە پارتی چەپی سەوز بدەن.
دەشڵێت، کلیلی گۆڕان و وەرچەرخان لەدەستی دەنگدەردایە، دەنگەکانتان دەرگای زیندانەکان دەکاتەوە، دەتوانن لە پەرلەمان براوە بن بە زیادکردنی چەند ھەزار دەنگێک لە ھەندێک شاردا.
لە لایەکی ترەوە، رهجهب تهیب ئهردۆغان، سەرۆککۆمار و کاندیدی هاوپەیمانێتی کۆماری لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە پارێزگای قەیسەری دووپاتیکردەوە، تا ئاک پارتی و خۆی لە دەسەڵات مابن، رێگە بە ئازادکردنی سەڵاحەددین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری زیندانیکراوی هەدەپە نادەن.
ئەردۆغان بە کەمال کڵچدارئۆغڵو و هاوپەیمانەکانی دەڵێت: “ئێوە ناتوانن سەڵاحەددین دەمیرتاش ئازاد بکەن”.