دادگایه‌كی ئه‌مه‌ریكا حوكمی هه‌تاهه‌تایی به‌سه‌ر به‌رپرسی میدیایی داعشدا سه‌پاند
هه‌ولێر- نۆرس پرێس
دوێنێ هه‌ینی دادگای ئه‌مه‌ریكا به تۆمه‌تی پێشكه‌شكردنی پشتیوانی مادی و بانگه‌شه بۆ داعش و ئه‌نجامدانی تاوان، حوكمی به‌ندكردنی هه‌تاهه‌تایی به‌سه‌ر كه‌سێكی كه‌نه‌دیدا سه‌پاند، كه له سعودییه له‌دایكبوه.
ئه‌و كه‌سه ناوی محه‌مه‌د خه‌لیفه‌یه‌و دو سه‌ربازی سوری كوشتوه‌و به ئینگلیزی له‌سه‌ر تۆماره ڤیدیۆییه‌كانی داعش ده‌نگی تۆماركردوه.
به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌كانی دادگا، محه‌مه‌د خه‌لیفه، به “ئه‌بو ره‌زوانی كه‌نه‌دی” و “ئه‌بو موسه‌نای موهاجیر” ناسراوەو ته‌مه‌نی 39 ساڵه‌و له ناو داعشدا چه‌ند پۆستێكی پێدراوه تا ئه‌وه‌ی له 2019 له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سوریای دیموكراتییه‌وه ده‌ستگیركراوه.
له په‌نای ئه‌وه‌ی وه‌ك چه‌كدار و بكوژی سه‌ربازانی سوری رۆڵی دیوه، وه‌ك وه‌رگێڕی سه‌ره‌كی-ش له به‌رهه‌مهێنانی پڕوپاگه‌نده‌كانی داعش به ئینگلیزی كاریكردوه‌و ده‌نگی له‌سه‌ر چه‌ند گرته‌یه‌كی توندوتیژی رێكخراوه‌كه تۆماركراوه.
له 2013 خه‌لیفه چوه‌ته سوریا‌و به‌یعه‌تی به ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی داوه، له 2014 بۆ به‌شی میدیا ته‌رخانكراوه به‌وپێیه‌ی شاره‌زایی له هه‌ردو زمانی عه‌ره‌بی و ئینگلیزی‌دا هه‌بوه‌و له 2016وه كاری وه‌رگێڕان و تۆماری ده‌نگی كردوه له‌سه‌ر گرته ڤیدیۆییه‌كانی داعش كه وه‌ك بانگه‌شه بۆ گه‌شتن به رای گشتی رۆژئاوا بڵاویده‌كردنه‌وه.
خه‌لیفه تا كۆتایی 2018 له كاره‌كه‌ی به‌رده‌وام بوه‌و له ناوچه‌ی به‌دران له گونده‌واری دێره‌زور، له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سوریای دیموكراتی-یه‌وه ده‌ستگیركراو دواتر گوازراوه‌ته‌وه بۆ ئه‌مه‌ریكا.