هێزەکانی عێراق دەستگیرکردنی سێ ئەندامی “داعش”یان لە دوو پارێزگای جیاواز راگەیاند

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ شەممە، هێزەکانی عێراق رایانگەیاند، لە میانی ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعشدا لە پارێزگاکانی نەینەوا و ئەنبار، سێ ئەندامی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)یان دەستگیر کردووە.

بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی لە راگەیەندراوێکدا گوتی، “بەپێی زانیاریی هەواڵگریی دروست و بە هاوکاریی هێزە ئەمنییەکان، چەند بۆسەی ورد و درشت لە ناوچەی فڕۆکەخانە و گوندی زەبعە و شەقامی عشرین، دانران”.

راشیانگەیاند، کە بۆسەدانانەکان بوونە هۆی دەستگیرکردنی سێ تیرۆریستی داعش کە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە داواکراون بەپێی بڕگەکانی ماددەی چواری تیرۆر لە قەزاکانی ئەلرەتبە لە ئەنبار و موسڵ لە نەینەوا.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەو ئەندامە دەستگیرکراوانەی رێکخراوەکە رادەستی دەسەڵاتی دادوەری کراون بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکەن.

هەینی پێشوو، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگەیاند، دەزگای هەواڵگری نیشتمانی توانیویەتی ئەندامێکی مەترسیداری “داعش” لەناوبەرێت، دوای ئەوەی لە زیاتر لە وڵاتێکدا بەدواداچوونی بۆ کردبوو.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی