سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی: بڕیاری گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی سپێردراوە بە وەزیرانی دەرەوەی عەرەب

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

سەرچاوەیەکی دیپلۆماسی رایگەیاند، بڕیاری گەڕانەوەی سوریا بۆ کورسییە خاڵییەکەی لە کۆمکاری عەرەبیدا، بە وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی لە کۆبوونەوەکەیاندا دەسپێردرێت، کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ی ئایاری 2023 بەڕێوەدەچێت.

ئەو سەرچاوە دیپلۆماسییە لە راگەیەندراوێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی جیهانی عەرەبی، ئاماژەی بەوەکردووە، “بڕیاری گەڕانەوەی سوریا بۆ پڕکردنەوەی کورسییە بەتاڵەکەی لە کۆمکاری عەرەبی بە وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی سپاردووە، کە لە دوو دانیشتنی بەپەلەی ئەنجومەنی کۆمکاریدا لە بارەگاکەی کۆدەبنەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی لەسەر ئاستی نوێنەرانی هەمیشەیی شایەتحاڵی پشتیوانییەکی بەرفراوان بوو بۆ گەڕانەوەی سوریا بۆ ناو کۆمکار.

ماوەی نزیکەی مانگێکە وڵاتانی عەرەبی هەوڵی گەڕاندنەوەی سوریا دەدەن بۆ کۆمکاری عەرەبی ئەمەش دوای ئەوەی لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕی سوریا لەو وڵاتە 11 ساڵ لەمەوبەر کورسییەکەی بەخاڵی ماوەتەوە.

دیمەشق لە ساڵی 2011 بەهۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی دیمەشق لە کۆمکاری عەرەبی راگیرا.

هەندێک وڵات هەنگاویان ناوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دیمەشق، کە زۆربەیان وڵاتانی عەرەبین جگە لە تورکیا، وڵاتانی دیکەش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و بەریتانیا دژایەتی پرۆسەی لێکنزیکبوونەوە دەکەن، مەگەر دیمەشق هیچ هەنگاوێک بەرەو چارەسەری سیاسی نەنێت.