کۆبونەوەیەکی چوار قۆڵی لەنێوان  روسیا، تورکیا، ئێران و سوریا ئەنجام دەدرێت

هەولێر – نۆرس پرێس

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، کۆبونەوەی چوار قۆڵی لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی روسیا، تورکیا، ئێران و سوریا لەبارەی دۆسیەی سوریاوە لە 10ی ئەم مانگەدا لە مۆسکۆ بەڕێوەدەچێت.

ئەمڕۆ شەممە مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی، رایگەیاند، روسیا جەختی لە وادەی یەکەمین کۆبونەوە لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی نێوان ئەو چوار وڵاتە لە وڵاتەکەی کردووەتەوە کە لە 10ی ئەم مانگەدا لە مۆسکۆ ئەنجام دەدرێت.

 ئاماژەش بەوەشکرد، روون نییە تا ئێستا کێ نوێنەرایەتی ئێران دەکات لەو کۆبونەوەیەدا ئەگەر وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، حوسێن ئەمیر عەبدوللەیان یاوەری سەرۆک کۆماری ئێران، ئیبراهیم رەئیسی بکات لە سەردانەکەی بۆ ئەفریکا.

چاوشئۆغڵو جەختی لەوە کردەوە، کە هەنگاوەکانی ئەم دواییەی جیهانی عەرەبی لەگەڵ سوریا، بۆ رەخساندنی دەرفەتی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ وڵاتەکەیان گرنگە، گووتیشی، زۆربەی وڵاتان نایانەوێت چەکی سپی بۆ گەڕانەوەی بەشار ئەسەد بدەنە کۆمکاری عەرەبی، وەک ئەوەی هیچ روی نەدابێت.

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، رەنگە سوریا لە داهاتوودا زۆر ئاڵۆز بێت، ئەگەری هەیە لە کۆتایی کۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوە لە 10ی ئایار کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەش ئەنجام بدرێت.