بەغدا پشتیوانی خۆی بۆ گەڕانەوەی دیمەشق بۆ کۆمکاری عەرەبی دووپات دەکاتەوە

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ شەممە، 6ی ئایاری 2023، وەزارەتی دەرەوەی عێراق، جەختی لە هەڵوێستی خۆی کردەوە بۆ پشتیوانی لە گەڕانەوەی سوریا بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی، ئەوەش رۆژێک پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی کۆمەڵەکە بۆ تاوتوێکردنی پرسەکانی سوریا و سودان.

ئەحمەد ئەلسەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، “عێراق هەڵوێستی خۆی لەسەر پرسی سوریا نوێ دەکاتەوە لەگەڵ گرنگی گەڕانەوەی بۆ کورسییەکەی لە کۆمکاری عەرەبی، ئەمەش بەشدارە لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری وڵاتەکەی”.

رۆژی یەکشەممە، 7ی ئایاری 2023، کۆمکاری عەرەبی لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوە کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدات بۆ تاوتوێکردنی پرسەکانی سوریا و سودان.

پێنجشەممەی رابردوو، ئەحمەد ئەبو ئەلغەیت ئەمینداری گشتی کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی، رایگەیاند کە ئەگەری زۆرە سوریا بگەڕێتەوە سەر کورسی خۆی لە کۆمکاری عەرەبیدا، پێش وادەی لوتکەی داهاتوو لە ریاز.

ئەلسەحاف ئاشکرای کرد کە “کۆبوونەوەی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە سبەینێ یەکشەممە، بە بەشداری فوئاد حسێن، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی عێراق دەبێت، بۆ تاوتوێکردنی پرسەکانی سوریا و سودان”.

ئەلسەحاف ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی پابەندە بە گرنگی وەرگرتنی دیالۆگ وەک رێگەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخی ئێستای سوریا.

دیمەشق لە ساڵی 2011 بەهۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی دیمەشق لە کۆمکاری عەرەبی راگیرا.

هەندێک وڵات هەنگاویان ناوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق و ئەمەش ئەوەیە کە تورکیا لە ئێستاوە دەیکات، وڵاتانی دیکەی وەک ئەمریکا و بەریتانیا دژی لێکنزیکبوونەوەن، مەگەر دیمەشق هیچ هەنگاوێک بەرەو چارەسەری سیاسی نەنێت.