400 400 کەس کە تۆمەتبارن بە ئەندامبوونی داعش لە گرتووخانەیەکی عێراق مانگرتنیان لە خواردن راگەیاندووە
هەولێر – نۆرس پرێس
کەناڵی (بی بی سی) بەریتانی ئەمڕۆ شەممە، 6ی ئایاری 2023، رایگەیاند، لانیکەم 400 ژن بۆ دووەم هەفتە لەسەریەک لە زیندانێک کە ئاسایشێکی بەهێزی هەیە لە بەغدای پایتەختی عێراق، مانیان لە خواردن گرتووە.
بی بی سی لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، ئەو گروپەی بەشداری مانگرتنەکە دەکەن، هاووڵاتیانی بیانی رووسیا، تورکیا، ئازەربایجان، ئۆکرانیا، سوریا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و ئەمریکا لەخۆدەگرێت.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەگەرچی ئەوان بە تۆمەتی سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی “داعش” لە زینداندان، بەڵام دەڵێن “دادگایەکی نادادپەروەرانە لێرە هەیە”.
پێدەچێت نزیکەی 100 منداڵیش لەنێویاندا زیندانی کرابێتن.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە عێراق زۆرێک لە پیاوانەکان کە سەر بە داعش بوون لە سێدارە دراون، بەڵام بە هەزاران ژن و منداڵ بە دەستبەسەری ماونەتەوە و لە کاتێکدا هەندێکیان گەڕێنراونەتەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان، بەڵام هێشتا زۆرێکیان لە زیندانەکاندا راگیراون.
بی بی سی ئاماژەی بەوەشکردووە، کورتە ڤیدیۆیەکیان لە ناو ئەو زیندانەوە پێگەیشتووە کە ژنانی تێدا دەستبەسەرکراوە لە بەغدا، “ئەو ژنانە بێ جووڵە لەسەر زەوییەکی تەخت و رەق کەوتوون”.
پێدەچێت ئەو گرووپە ناڕازییە لە 24ی نیسانەوە مانیان لە خواردن گرتبێت.
بە بی بی سی راگەیەندراوە کە لە سەرەتای مانگرتنیان لە خواردن، ژنەکان رۆژانە نیو پەرداخ ئاویان خواردووەتەوە، بەڵام ئێستا بەشێک لە زیندانییەکان بە تەواوی وازیان لە ئاو خواردنەوەش هێناوە.
ئەو سزایانەی بەسەر ئەو ژنانەدا سەپێندراوە لەزیندانیکردن بۆ ماوەی 15 ساڵ تاوەکو زیندانیکردنی هەتاهەتایی دەست پێدەکات. هەندێکیان سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ لەسێدارەدانێک ئەنجامنەدراوە.
ژنە زیندانیکراوەکان، مانگرتنیان لە خواردن وەک ئامرازێک بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە سزاکانیان و مەرجەکانی دەستبەسەرکردنیان بەکاردەهێنن.
ئەو ژنە دەستبەسەرکراوانە رایانگەیاندووە، هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ باڵیۆزخانەی وڵاتەکانیان نییە، هەروەها نوێنەری دیپلۆماسی لە زۆرێک لە دادگاییکردنەکانیاندا ئامادە نەبوون.
بەپێی راپۆرتەکە، زۆربەی تۆمەتەکانی زیندانیان نەتواندرا پشتڕاست بکرێنەوە.
ئەم زیندانە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی بەغدا و ئەو ژنانەی تێدایە کە بە تاوانی جۆراوجۆر سزا دەدرێن، کە هەموویان پەیوەندییان بە تیرۆرەوە نییە.