ناوەندی نیشتمانی بومەلەرزەزانی: لەماوەی 24 کاتژمێردا 7 بوومەلەرزە ڕوویداوە، دوو لە لازقییە

دیمەشق – نۆرس پرێس

 رۆژی هەینی ناوەندی نیشتمانی بوومەلەرزە لە سوریا رایگەیاند، وێستگەکانی چاودێریکردن لە ماوەی 24 کاتژمێردا 7 بوومەلەرزەی سووکیان تۆمارکردووە، کە هەموویان بەگۆڕی کەمتر لە 2.9 پلە بە پێوەرەکانی ڕێختەر.

لە بەیاننامەیەکی سەنتەرەکەدا سەبارەت بە بوومەلەرزەکان ڕایگەیاندووە، لە ماوەی 24 کاتژمێردا 7 بوومەلەرزە تۆمارکراون، بەو پێیەی بوومەلەرزەیەک لە 48 کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژئاوای لازقییە ڕوویداوە بە گوڕی 1.9 پلە، و بوومەلەرزەیەکی تریش بە گوڕی 2.6 پلە باشووری ڕۆژئاوای لازقییەی گرتووەتەوە.

 ئاماژەی بەوەشکرد، سێ بوومەلەرزە لە قەزای ئیسکەندەرون ڕوویانداوە، هەروەها بوومەلەرزەیەکی تریش بەگوڕی 2.8 پلە دەریای ناوەڕاست لە باشووری ڕۆژئاوای تورکیا تۆمارکراوە و لە ناوەڕاستی تورکیاش بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 2.8 پلە تۆمارکراوە.

لەدوای ئەو بوومەلەرزە وێرانکەرەی کە لە شەشی شوبات روویداوە، هێشتا  بوومەلەرزەکان کاریگەرییان لەسەر چەند ناوچە و شارێکی سوریا و تورکیا هەیە کە زۆربەیان مامناوەند و سووکن.

ئامادەکردن وداڕشتنەوە: سەعەد یازچی