حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دوایین مۆڵەت بە هاولاتیان دەدات بۆ ڕادەستکردنەوەی چەکەکانیان
هەولێر – نۆرس پرێس
حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئاگادارییه‌کی ئاڕاستەی ئەو هاوڵاتیانە کرد کە چەکیان هەیە و داوایان لێدەکات تاوەکو 21ی تەموزی ئەمساڵ بچنە بنکەکان بۆ ئەوەی چەکەکانیان تۆماربکەن.
ئەمرٍۆ هەینی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان لە ئاگاداریەکدا ناوی سه‌رجه‌م ئه‌و بنکانه‌ی سه‌ر به وه‌زاره‌تی ناوخۆی له شار و شارۆچکه‌کان بڵاوکردەوە، کە دیاریکراون بۆ تۆمارکردنی چەکی هاوڵاتیان.
لە پەیامەکەدا داوا لە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کراوە پێش رۆژی 21ی تەموزی ئەمساڵ سەردانی ئەو بنکانە بکەن و چەکەکانیان تۆماربکەن، بەپێچەوانەوە دوای ئەو وادەیە رێکاری یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتەبەر.
دوێنێ پێنجشەممە کارزان ئه‌میر، وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی پۆلیسی هه‌رێمی کوردستان لەمیانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامه‌وانیدا، رایگه‌یاند، ئەو کەسەی چەکەکەی تۆمار دەکات، دەبێت لە شوێنێکی پارێزراوی ماڵەکەیدا هەڵیبگرێت و نابێت بیفرۆشێت یان بیبەخشێت، داوا لە هاوڵاتیانی هەرێم دەکەین تاوەکو کاتیان لەبەردەستدا ماوە چەکەکانیان تۆماربکەن و بیکەن بە چەکێکی فەرمی.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە داهاتودا پاش تەواوبونی ئەم وادە یاساییە، وەزارەتی ناوخۆ هەشت لیژنە لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان پێکدەهێنێت بەمەبەستی هەڵسەنگانی پێویست بۆ خاوەنی ئەو چەکانە کە تۆمارکراون و بڕیاریان لەسەر دەدات بە پێدانی مۆڵەت یاخود خاوەندارێتی بەپێی یاسای چەک.
وته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی پۆلیسی هه‌رێم دەڵێت، چەکێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان هەیە کە بەدەستی هاوڵاتیانەوەیە، دەمانەوێت سەرجەمیان تۆماربکرێن، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا هەر تاوانێک بە هەر چەکێک بکرێت بزانرێت ئەو چەکە هی کێیە و خاوەنەکەی بدۆزرێتەوە.