وەزارەتی دەرەوەی ئوردن: گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی نزیکە

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن، رایگەیاند، بەم نزیکانە سوریا دەگەڕێتەوە ناو کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، جەختیشی لەوەکردەوە کە هەموو وڵاتانی عەرەبی بەشدار دەبن لە کۆتاییهێنان بە قەیرانی سوریا.

سەفەدی لە چاوپێکەوتنێکیدا لە کەناڵی “سی ئێن ئێن”ی ئەمریکی رایگەیاند کە “سوریا دەنگی پێویستی لە نێو 22 ئەندامەکەی کۆمکارەکەدا هەیە بۆ وەرگرتنەوەی کورسییەکەی”، جەختیشی لەوە کردەوە کە “گەڕانەوەکە روودەدات، ئەوەش لە رووی رەمزییەوە گرنگ دەبێت”.

وەزیری دەرەوەی ئوردن ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو وڵاتانی عەرەبی بەشدارن لە کۆتاییهێنان بە قەیرانی سوریا و ” گەڕانەوەی بۆ کۆمکاری عەرەبی تەنها دەستپێکردنێکی بێگەرد دەبێت بۆ پرۆسەیەک کە زۆر درێژ و قورس وپڕ ئاڵنگاری دەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی ئاڵۆزییەکانی سوریا و قەیران دوای 12 ساڵ لە ململانێ”.

سەفەدی ئاماژەی بەوەشکرد، “ئامادەیی سوریا بۆ پێشکەوتنی راستەقینە لە چارەسەرکردنی ململانێکاندا یارمەتیدەر دەبێت تا پاڵپشتییەکی گرنگی عەرەبی بەدەستبهێنێت بۆ فشار دروستکردن و لە دواجاردا کۆتاییهێنان بە سزاکانی رۆژئاوا، کە بەربەستێکی گەورەیە لەبەردەم دەستپێکردنی هەوڵە گەورەکانی ئاوەدانکردنەوەدا”.

وەزیری دەرەوەی ئوردن باوەڕی وابوو کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پشتیوانی لە کارەکان دەکات بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ قەیرانی سوریا کە لەگەڵ بڕیارنامەی 2254ی ئەنجومەنی ئاسایشدا بگونجێت.

سەرەتای ئەم مانگە، عەمانی پایتەختی ئوردن، میوانداری کۆبوونەوەی چوار قۆڵی کرد، بە ئامادەبوونی سوریا، بۆ تاوتوێکردنی قەیرانەکانی.

لە راگەێنراوی کۆتاییدا کۆمەڵێک بابەتی لەسەر پرسی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و رێگریکردن لە قاچاخچێتی مادەی هۆشبەری کاپتاگۆن، وەک دەرەنجامی کۆبوونەوەکە راگەێنرا، جگە لە کۆمەڵێک بابەتی دیکە لەسەر پرسی سوریا و ئەوەی پەیوەندی بە چارەسەری سیاسییەوە هەبێت، لە چارەسەرکردنی کێشەی پەنابەران و یارمەتیدانیان.

لە راگەێنراوەکەدا هاتووە، “سوریا هاوکار دەبێت لەگەڵ ئوردن و عێراق لە پێکهێنانی دوو گروپی کاری سیاسی/ئەمنی هاوبەشی جیاواز لە ماوەی مانگێکدا بۆ دەستنیشانکردنی سەرچاوەکانی بەرهەمهێنان و قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان لە سوریا، هەروەها ئەو لایەنانەی کە قاچاخچێتی لە سەرانسەری سوریا رێکدەخەن و بەڕێوەدەبەن و ئەنجام دەدەن لە گەڵ هاوسنوورەکان لە ئوردن و عێراق، هەنگاوی پێویست بنێن بۆ کۆتاییهێنان بە قاچاخچێتی و کۆتاییهێنان بەم مەترسییە”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەگید مشمش