داوا دەکرێت بکوژانی کۆمەڵکوژییەکەی نەورۆز لە جندرێس سزا بدرێن
قامشلۆ – نۆرس پرێس
دەیان رێکخراو و کەسایەتیی مافی مرۆڤ و میدیایی لە رێگەی راگەێنراوێکی هاوبەشەوە داوای لێپرسینەوەیان لە ئەندامانی گروپەچەکدارەکانی سەر بە تورکیا کرد، کە نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر و لەکاتی ئاهەنگگێڕانی نەورۆزدا لە شارۆچکەی جندرێس لە گوندەواری عەفرین، کۆمەڵکوژییەکیان ئەنجامدا و تیایدا پێنج هاوڵاتی یەک بنەماڵەی سڤیلی کوردیان شەهید کرد.
لە 20ی ئازاری رابردوودا، ئەندامانی گروپی چەکداری ‘ئەلشەرقییە’ی سەر بە لە ‘جەیش وەتەنی’ لایەنگری تورکیا، پێنج هاوڵاتی یەک بنەماڵەی سڤیلی کوردیان لە لە جندرێس، لە گوندەواری عەفرین، بەهۆی داگیرساندنی بڵێسەی نەورۆزەوە شەهید کرد.
واژۆکارانی ئەو بەیاننامە هاوبەشە رایانگەیاند، هەرچەندە زیاتر لە مانگ و نیوێک بەسەر رووداوەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام تاوانباران هێشتا ئازادن و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا نەکراوە، هەروەها گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن و هێزە ئەمنی و چەکداری و زیندانەکانیان و دەسەڵاتەکانیان، وەکو خۆیان ماونەتەوە و هیچیان بەرامبەر نەکراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “ئەم تاوانەش بۆ زنجیرەیەک پێشێلکاری دیکە زیادکرا کە لەلایەن گروپەکان ‘جەیش وەتەنی’ی سوریاوە بەدرێژایی پێنج ساڵی داگیرکردنی عەفرین لەلایەن تورکیاوە بەشێوەیەکی سیستماتیک دژی خەڵکی رەسەنی ناوچەکە ئەنجامدراوە”.
واژۆکارانی رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیسیۆنی سەربەخۆی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە سوریا خوازیارن ” داگیرکاریی تورکیا کۆتایی بێت و هەرێمی عەفرین لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا بمێنێتەوە”.
داواشیان کرد، راپۆرتێکی تایبەتی مافی مرۆڤ سەبارەت بەو پێشێلکاریانەی لە ناوچە داگیرکراوەکانی ژێر دەسەڵاتی تورکیادا روودەدەن، دەربکرێت.
هەر لە راگەێنراوەکەدا، داوا لە حکومەتی تورکیا کراوە دڵنیابێت لە لێپرسینەوە لە هەموو ئەوانەی دەستیان لەم تاوانە و سەرجەم پێشێلکارییەکان کە بەرامبەر بە دانیشتووان بە شێوەیەکی روون و ئاشکرا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، لەبەردەم دادگایەکی بێلایەنەکاندا کە پەیڕەوی لە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دەکەن بۆ دادگاییکردنی دادپەروەرانە.
هەروەها داواکراوە، بەڕێوبردنی هەرێمەکە رادەستی دانیشتووانی رەسەنی خۆی بکرێتەوە، ئەو موڵکانە بگەڕێندرێتەوە بۆ خاوەنەکانیان کە داگیرکراون و گەڕانەوەی شکۆمەندانە بۆ ئاوارەبووەکانی هەرێمەکە مسۆگەربکرێت.