کڵیچدارئۆغڵو: یەپەگە بۆ پاراستنی نیشتمانی دایکیان رێکخراوە نەک رێکخراوێکی تیرۆریستی
هەولێر – نۆرس پرێس
کەمال کڵیچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی سەرەکی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا جەهەپە و کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا رایگەیاند، یەپەگە پێکهاتەیەکە بۆ پاراستنی نیشتمانی دایکیان رێکخراوە نەک رێکخراوێکی تیرۆریستی.
ئاژانسی “ئەنادۆڵو تورک هەبەر” گواستیەوە، کە سەرۆکی جەهەپە کەمال کڵیچدارئۆغڵو، لە کۆبوونەوەی یانەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی زانکۆی ئیستەنبوڵ و لە وەڵامی خوێندکارێکدا کە پرسیاری لە کلیچدارئۆغڵو کرد، کە ئایا ئەو ‘جەهەپە’ و ‘یەپەگە’ بە رێکخراوی تیرۆریستی دەزانێت؟ کڵیچدارئۆغڵو بەم شێوەیە وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە: “یەپەگە بۆ ئێمە رێکخراوێکی تیرۆریستی نییە، ئێمە تەنیا ئەو رێکخراوانەی خەڵکی سڤیل دەکوژن بە رێکخراوی تیرۆریستی دەزانین، ‘پەکەکە’ رێکخراوێکی تیرۆریستییە، بەهەرحاڵ ‘یەپەگە’ کردەوەی هاوشێوەی دژ بە تورکیا و گەلەکەمان ئەنجام نەداوە، ئەگەر کارێکی لەو شێوەیە بکەن، ئێمە دژایەتیان دەکەین، ‘یەپەگە’ پێکهاتەیەکە بۆ رزگارکردنی نیشتمانی دایکی خۆیان دروست بوون”.
گوتیشی، پێشتر تورکیا رێگەیداوە بەناو خاکەکەیدا پێشمەرگە بۆ ھاوکاری ‘یەپەگە’ رەوانەی سوریا بکرێت، جەختیشدەکاتەوە لەوەی کە یەپەگە دۆزێکی ھەیە کە لەپێناویدا دامەزراوە.
ھاوکات، عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دێڤا کە پشتیوانی کڵیچدارئۆغڵو دەکات، شەوی رابردوو لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە بەشێک نین لە لیستی تیرۆری یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا، دەشڵێت، تیرۆر پێناسەیەکی نێودەوڵەتی ھەیە و بەرەنگاربوونەوەشی تەنھا بە چەک ئەنجام نادرێت.