بەڕێوبەری خۆسەری بۆ نۆرس پرێس: هەفتەی داهاتوو نرخی وەرگرتنی گەنم دیاری دەکرێت
رەققە – نۆرس پرێس
دوێنێ پێنجشەممە، بەرپرسێکی بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، لە لێدوانێکدا بۆ نۆرس پرێس، وادەی دیاریکردنی نرخی گەنمی ئەمساڵی ئاشکرا کرد.
جووتیارانی گەنم لە ناوچەکانی بەڕێوبەری خۆسەری رۆژئاوای کوردستان ،چاوەڕێی دیاریکردنی نرخی وەرگرتنی گەنم دەکەن لە لایەن بەڕێوبەرێتیەکەوە.
لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی دروێنەکردن، جوتیاران داوای نرخێکی “دادپەروەرانە” دەکەن، ئەوەش بەهۆی تێچووی زۆری ئەو بەرهەمەوە، وەک خۆیان دەڵێن زۆربەی کەرەستەکانیان بە دۆلاری ئەمریکی کڕیوە.
بەرپرسەکەی دەستەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو نرخی وەرگرتنی گەنم لە لایەن خۆسەریەوە دیاری دەکرێت.
جوتیارانی گەنم داوای نرخیان بە دۆلاری ئەمریکی کرد، بەتایبەتی کە یەک کیلۆ گەنم نیو دۆلاری ئەمریکی تێچووە، بۆیە ترسیان هەیە نرخێکی کەم دیاری بکرێت و سوود لە بەرهەمەکانیان نەبینن.
رۆژی سێشەممەی رابردوو بەرپرسێکی لیژنەی کشتوکاڵی مەنبیج رایگەیاند کە بەرزی نرخی دۆلاریان لەبەرچاو گرتووە و کاریگەرییەکانی لەسەر زیادبوونی تێچووەکان لەبەرچاوگیراوە، بۆیە نرخە پێشنیاز کراوەکە بە بڕی 40 سەنت بەرز دەکەنەوە، تا نرخی بەروبوومەکە بە دۆلار وەربگیرێت و هەڵاوسان لە ئاڵوگۆڕدا روونەدات.
دوێنێ لیژنەی ئابوری لە حکومەتی سوریا نرخی وەرگرتنی گەنمی بە 2500 لیرە بۆ هەر کیلۆیەک دانا، دواتر 300 لیرەی بۆ زیاد کرد، کە بە “کارای هاندەر” وەسفی کرد، بۆ چاندن و گەیاندنی گەنم، تا نرخەکەی ببێتە 2800 لیرە بۆ هەر کیلۆیەک.