دوو بەرپرسی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا دژی گەڕانەوەی دیمەشقن بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، مایکل مەککۆل، مایکڵ مککۆل، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، جۆ ویلسۆن سەرۆکی لیژنەی لاوەکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا و ئاسیای ناوەڕاست، دژی گەڕانەوەی دیمەشق بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی وەستانەوە.

ئەمرۆ پێنجشەممە، 4ی ئایاری 2023، ئەحمەد ئەبو ئەلغەیت، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، ئەگەری زۆرە سوریا پێش وادەی کۆبوونەوەی لوتکەی داهاتوو لە ریاز بگەڕێتەوە سەر کورسی خۆی لە کۆمەڵەکەدا.

لە بەیاننامەکەیاندا، ئەو دوو بەرپرسە ئەمریکییە رایانگەیاندووە، “ئێمە بە قووڵی نیگەرانین لە هەوڵە بەردەوامەکان بۆ ئاسانکاریکردن لەبارەی دووبارە گەرانەوەی بەشار ئەسەد بۆ نێو کۆمکاری عەرەبی”.

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە: “بوژانەوەی تاوانبارێکی جەنگی پەشیماننەبووەوە دڵنیای دەدات لەوەی کە رژێم بەردەوام دەبێت لە بۆردومانکردنی سورییەکان و تێکدانی سەقامگیری و رێگەدان بە رووسیا و ئێران بۆ فراوانبوونیان لە خاکی سوریادا”

دیمەشق لەم دواییانەدا سەرنجی وڵاتانی عەرەبی بەلای خۆیدا راکێشاوە، کە وردە وردە دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی مانگی شوباتی ئەمساڵ ئەم گرنگی و سەرنجانەی وڵاتانی بەدوای خۆیدا هێنا.

سەبارەت بە چالاککردنی میکانیزمی گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، ئەبو ئەلغەیت ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە “دەبێت قۆناغ بە قۆناغ رووبدات”، بەجۆرێک “بە کۆبوونەوە، گفتوگۆکردن، پاشان رێککەوتن (لە نێوان وڵاتانی ئەندامی کۆمکار) دەستپێدەکات، دوای ئەوە بانگهێشتنامەیەک پێشکەش بە سوریا دەکرێت”.

  ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەوکات سوریا دێت و بەشداری هەر کۆبوونەوەیەکی تری وەزاری دەکات و دەگەڕێتەوە بۆ سەرجەم چالاکییەکانی کۆمکاری عەرەبی”.

لە کاتێکدا ئەو دوو بەرپرسە ئەمریکییە داوایان لە هاوبەشە ئەمریکییەکان کرد لە ناوچەکەدا “بەردەوام نەبن لەسەر ئەم رێگایەی ئاساییکردنەوەیە”.

هەندێک وڵات هەنگاویان ناوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشق و ئەمەش ئەوەیە کە تورکیا لە ئێستاوە دەیکات، وڵاتانی دیکەش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و بەریتانیا دژی لێکنزیکبوونەوەن، مەگەر دیمەشق هیچ هەنگاوێک بەرەو چارەسەری سیاسی نەنێت.