به‌ڕێوه‌به‌رێتی خۆسه‌ر ره‌تیده‌كاته‌وه له‌گه‌ڵ دیمه‌شق گفتوگۆی سیاسی ئه‌نجامدابێت
سلێمانی-نۆرس پرێس
کەمال عاکیف، وتەبێژی فه‌رمی بەناوی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رێتی خۆسه‌ر له رۆژئاوای كوردستان له راگه‌یه‌نراوێكدا ئاشكرایكرد، له‌گه‌ڵ حكومه‌تی دیمه‌شق گفتوگۆی سیاسی-یان ئه‌نجام نه‌داوه‌و بونی هێزه‌كانی سوریاش له منبج و كوبانێ، له چوارچێوه‌ی رێكه‌وتنی 2019دایه.
له دوای هه‌ڕه‌شه‌كانی توركیا بۆ ئه‌نجامدانی هێرش بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی منبج و ته‌لڕه‌فعه‌ت له باكوری حه‌ڵه‌ب، هێزه‌كانی سوریا له‌و شوێنانه‌ی پێشتر هه‌بون به رێكه‌وتن له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سوریای دیموكراتی، قاییمكاری سه‌ربازییان ئه‌نجامداوه‌و چه‌ك و چۆڵی سه‌ربازی زیاتریان هێناوه.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی عاكیف له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه، “له‌مدواییانه‌دا هه‌ندێك لایه‌ن هه‌واڵێكیان بڵاوكردوه‌ته‌وه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی دیدار له نێوان به‌ڕێوه‌به‌رێتی خۆسه‌ر و ئه‌نجومه‌نی سوریای دیموكراتی له‌لایه‌ك و حكومه‌تی سوریا له‌لایه‌كی تر به‌ڕێوه‌چوه، هه‌ندێكی تریش زیاتر له‌وه رۆشتون و باسیان له مه‌رج و خاڵی ناكۆكی كردوه له دیداره‌كاندا.”
رونیشیكردوه‌ته‌وه، “له‌كاتێكدا ئێمه ته‌ئكید ده‌كه‌ینه‌وه له بنه‌ماكانی گفتوگۆی نیشتمانی بۆ فه‌راهه‌مكردنی سه‌قامگیری و لێكه‌گه‌یشتنی سوری-سوری، جه‌خت له‌وه‌شده‌كه‌ینه‌وه كه هیچ دیدارێكی سیاسی له نێوان ئێمه‌و دیمه‌شقدا روینه‌داوه.”
وتەبێژی فه‌رمی بەناوی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رێتی خۆسه‌ر باسی له‌وه‌شكردوه، “ته‌نها لێكگه‌یشتن هه‌یه له نێوان هێزه‌كانی سوریای دیموكراتی و سوپای سوریا له كوبانێ و منبج له چوارچێوه‌ی لێكگه‌یشتن و رێكه‌وتنی پاراستنی سنور له ساڵی 2019.”
به وته‌ی عاكیف، “ئه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی فه‌رمی به‌ڕێوه‌به‌رێتی خۆسه‌ر و ئه‌نجومه‌نی سوریای دیموكراتی ده‌وترێت راست نییه.”