کۆمکاری عەرەبی بۆ گەنگەشەکردنی جەنگی سودان و سوریا لە قاهیرە کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدات
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئاژانسی “فرانس پرێس” رایگەیاند، کۆمکاری عەرەبی یەکشەممەی داهاتوو لە قاهیرە کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدات بۆ تاوتوێکردنی پرسەکانی پەیوەست بە سودان و سوریا.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی رۆژی یەکشەممە 7ی ئایاری 2023 لە قاهیرە دوو کۆبوونەوەی نائاسایی لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە ئەنجام دەدات، بۆ تاوتوێکردنی شەڕی سودان و پرسی گەڕانەوەی سوریا بۆ ناو کۆمکارەکە.
ئاژانسەکە بە گێڕانەوەی دیپلۆماتکارێک دەڵێ: “بڕیاردرا رۆژی یەکشەممە دوو دانیشتنی نائاسایی ئەنجومەنی کۆمکاری عەرەبی لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەی عەرەب ئەنجام بدرێت”.
ئاماژەیان بەوەشکرد، دانیشتنی یەکەم تەرخان دەکرێت بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێشهاتەکانی قەیرانی سوریا و پرسی گەڕانەوەی سوریا بۆ پڕکردنەوەی کورسییەکەی لە کۆمکارەکەدا، لە دانیشتنی دووەمیشدا باس لە جەنگی بەردەوامی سودان دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەحمەد ئەبولغەیس، ئەمینداری گشتیی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی رایگەیاند، ئەگەری زۆرە سوریا پێش وادەی کۆبوونەوەی لوتکەی داهاتوو لە ریاز بگەڕێتەوە سەر کورسییەکەی خۆی لە کۆمکارەکەدا.