کۆشکی سپی: هیچ گفوگۆ و دیدارێک لەگەڵ دیمەشق پشتڕاست ناکەینەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە، کارین جان پیێر، گوتەبێژی کۆشکی سپی، رایگەیاند، واشنتۆن هیچ دیدارێک لە رابردوو و ئێستا لەگەڵ دیمەشق لە چوارچێوەی گفتوگۆیەکی راستەوخۆدا، سەبارەت بە چارەنووسی رۆژنامەنووسی ونبوو “ئۆستین تایس” پشتڕاست ناکاتەوە.
جان پیێر لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا باسی ئەم بابەتەی بۆ رۆژنامەوانان کردووە، لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی سەرنجیان لەسەر ئەوەی کە رۆژنامەی “وۆڵ ستریت جۆرناڵ” لە گوتارێکدا بڵاویکردووەتەوە کە تیایدا لەزاری سەرچاوەکانەوە باس لەوە دەکەن کە بەرپرسانی ئەمریکی و سوریا راوێژکاری راستەوخۆیان لەسەر ئەم بابەتە دەستپێکردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “وەک دەزانن کۆبوونەوە گشتییەکان و دانوستانەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئازادکردنی ئەو هاوڵاتییە ئەمریکییانەی کە بە نایاسایی دەستگیرکراون، پرسێکی زۆر هەستیارە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ناتوانێت “هیچ گفتوگۆیەکی تایبەت لە رابردوو و ئێستادا” پشتڕاست بکاتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەمە پرسگەلێکی هەستیارن، هیچ شتێکم لەبەردەستدا نییە لەسەر دۆخی دۆسیەی ئۆستن کە بیخەمەڕوو”.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی ئابی ساڵی رابردوودا رایگەیاندبوو کە پشتگیری هەر هاوکارییەکی دەسەڵاتدارانی سوریا دەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو رۆژنامەنووسە بۆ ئەمریکا.
“ئۆستین تایس” لە سوریا بۆ چەندین رۆژنامەی ئەمریکی کاری کردووە لەوانە (واشنتۆن پۆست، وۆڵ ستریت جۆرناڵ)، لە ساڵی 2012ەوە لە بەرچاو دیارنەماوە و ونە.
دواتر زانیارییەکان دەریانخست کە ناوبراو بە گومانی پەیوەندی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری ناوەندیی لەلایەن حکومەتی سوریاوە لە باشووری دیمەشق دەستبەسەر کراوە.