واشنتن پەیوەندییەکانی دیمەشق و تاران بە “سەرچاوەی نیگەرانییەکانی جیهانی” ناودەبات
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە نزیکبوونەوە و پەیوەندییەکانی ئێران و سوریا لەوانەیە ببێتە “سەرچاوەی نیگەرانییەکی قوڵ لەجیهاندا”.
ئەم تێچێنەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دوای ئەوە هات کە ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران لە دیمەشق چاوی بە بەشار ئەسەد، هاوتا سوورییەکەی کەوت، لە یەکەم سەردانی سەرۆک کۆماری ئێراندا بۆ سوریا لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی سوریاوە لە ساڵی 2011دا.
ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “بەردەوامی قووڵبوونەوەی پەیوەندییەکانی رژێمی ئێران و ئەسەد، نەک تەنیا بۆ هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان و وڵاتانی ناوچەکە، بەڵکوو بۆ جیهانیش بەگشتی، دەبێتە مایەی نیگەرانییەکی قوڵ”.
ناوبراو زیادی کرد: “ئەم دوو رژێمە بەردەوام بوون لە چالاکییە قێزەوەنەکانیاندا بۆ تێکدانی سەقامگیری، نەک تەنیا لە وڵاتەکانیاندا، بەڵکوو لە ناوچەکەش بە گشتی.”
پاتێل دووپاتی کردەوە کە ئەمریکا دژایەتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریا دەکات و دەڵێت “ئێمە پشتیوانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دیمەشق ناکەین لەلایەن وڵاتانی دیکەوە و ئەوەشمان بۆ هاوبەشەکانمان روونکردووەتەوە”.