هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە چاوەڕاوانی گرێبەستەکان و پشکنینی بۆرییەکاندا

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ چوارشەممە، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت و جێگری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری وزە رایگەیاند، سەرەڕای بوونی ئاستەنگ لەبەردەم رێککەوتنی هەولێر و بەغدادا، لە ماوەی دوو هەفتەدا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا دەستپێدەکاتەوە.

ئەو لێدوانەی وەزیرەکە لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی عێراقی 2023دا هات، کە لە دانیشتنێکدا بە ناونیشانی “کەرتی وزە لە عێراق: ئاڵنگارییە سەرەکییەکان و ستراتیژیەتی داهاتوو” قسەی کرد.

عەبدولغەنی گوتیشی، “هەناردەکردنی نەوتی دەرهێنراو لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دوای ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا هاوردەکارەکان دەستپێدەکاتەوە”.

وەزیرەکە باسی لە هۆکارێکی دیکە کرد بۆ دواکەوتنی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەکە، ئەویش پرۆسەی پشکنینی بۆرییەکانی هەناردەکردنە لەلایەن کۆمپانیای “بوتاش”ی تورکییەوە.

ئەم هەواڵە سەرەڕای بەردەوامی هەندێک ناکۆکی بەشەکی لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دێت، دوای ئەوەی بەبڕیاری ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە 25ی ئازارەوە وەستابوو.

پاش ئەوەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە دۆسیەیەکی ناوبژیوانیدا بڕیارێکی لە بەرژەوەندی عێراق دەرکرد، تورکیا رۆیشتنی 450 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە رێگەی بۆری “عێراق-تورکیا”وە راگرت.

  وامەزەندە دەکرێت کە راگرتنی ئەو هەناردەیە بۆ ماوەی 40 رۆژ زیاتر لە یەک ملیار دۆلار لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان رابوەستێت.

بڕیارەکە داوا دەکات تورکیا یەک ملیار و نیو دۆلار وەک قەرەبووی ئەو زیانانە بداتەوە کە بەهۆی هەناردەکردنی نەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەبێ مۆڵەت لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2018 تووشی بووە.

حکومەتی فیدراڵی رۆژانە نزیکەی 75 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی فیدراڵی لە رێگەی بۆری عێراق-تورکیا هەناردە دەکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی دیکە هەناردە دەکات.

وەزیری وزەی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا رێککەوتنی کۆتایی لەگەڵ هەولێر نەکراوە.

ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی ناوخۆی عێراقەوە بڵاویکردەوە، بانکی ناوەندی عێراق رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر بەکارهێنانی هەژمارێکی بانکی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بانکی سیتی لە ئیمارات بۆ فرۆشتنی نەوتی سۆمۆ و هەروەها بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان.

بەڵام سیاسەتمەداران لە بەغدا ئێستا پرسیار لەسەر ئەوهەژمارە دەوروژێنن کە لە عێراقدا ناڕەزایی بەرامبەری هەیە.

عەبدولغەنی رەتیکردەوە هەژماری بانکی بکرێتەوە، هەروا بانکی “سیتی” تا ئێستا لەمبارەوە لێدوانی نەداوە.

بەمجۆرە تا ئێستا میکانیزمی ناڕوونی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بێ وردەکاری ماوەتەوە، نزیکەی مانگێک دوای گەیشتن بە رێککەوتنێکی کاتی کە بەغدا و هەولێر بۆ سوودی هەردوولا رایانگەیاندووە، هێشتا چاوەڕێی جێبەجێکردنی دەکرێت.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر