لە هەوڵەکانی لێکنزیکبوونەوەی خۆسەری لەگەڵ دیمەشق ..ئاژانسێکی ئەمریکی باس لە سەردانێکی “جەنەڕاڵ مەزڵوم” دەکات بۆ ئەبوزەبی

دیمەشق – نۆرس پرێس

ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی “ئەلمۆنیتەر”ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، بەڕێوبەری خۆسەری هەوڵدەدات ئەبوزەبی بکاتە ناوبژیوانی خۆی لەگەڵ دیمەشق، ئەمەش لەکاتێکدایە دەنگۆی سەردانەکەی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ ئیمارات لەئارادایە.

ماڵپەڕەکە لە زاری “بەرپرسانی” رۆژئاوای کوردستانەوە رایگەیاندووە، عەبدی “لە ماوەی رابردوودا” سەردانی ئیماراتی کردووە.

ئەمەش بە گوتەی چوار سەرچاوە و بەرپرسی ئاگاداری ناوچەکە بووە، بە مەرجی ئەوەی ناسنامەیان ئاشکرانەکرێت قسەیان بۆ “ئەلمۆنیتەر” کردووە.

دووان لەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردووە کە “جەنەڕاڵ مەزڵوم” لەگەڵ بەرپرسانی ئیماراتی کۆبووەتەوە “بە مەبەستی داوای هاوکاری لە ئەبوزەبی بۆ فشاردروستکردن لە پرسی کوردی سوریادا لەگەڵ رژێمی ئەسەد”، بەپێی راپۆرتەکە.

لەلایەکی دیکەوە ئیمارات روودانی کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیەی رەتکردەوە، ماڵپەڕەکەش روونکردنەوەیەکی فەرمی لە هەردوولاوە نەخستووەتەڕوو کە کۆبوونەوەیەکی لەوشێوە پشتڕاست بکاتەوە، بەڵکو ئاماژەیان بەوەکردووە کە  “سەرچاوە کوردییەکان” پێداگرییان لەسەر دروستی ئەو هەواڵە کردووەتەوە.

ئاژانسەکە لە زاری دوو بەرپرسەوە، کە ناوەکانیان ئاشکرا نەکردووە، رایانگەیاندووە کە “بافڵ تاڵەبانی”، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش لەو گەشتەدا یاوەری “جەنەڕاڵ مەزڵوم” بووە.

بەڵام لەمبارەیەوە نووسینگەی تاڵەبانی وەڵامی داواکارییەکەی ئەلمۆنیتۆریان نەداوەتەوە و هیچ لێدوانێکیان لەمبارەوە نەداوە.

راپۆرتەکە گێڕانەوەکەی بەهێز دەکات بە گوتەی بەرپرسانی بەڕێوبەری خۆسەر، ئەوانیش بەدران چیاکورد، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوبەری خۆسەر و فەوزە یوسف، سەرکردەیەکی دیاری “بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیی” کە ئاماژەدەدان بە رۆڵی “ئەرێنی”  ئیمارات سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان بەڕێوبەری خۆسەر و دیمەشق، هەروەها لە شەڕی دژ بە “داعش”دا.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، سەردانەکەی “عەبدی” پێش بۆردومانی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی لە 7ی نیساندا بووە، کە عەبدی لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کۆبووەتەوە بۆ هەماهەنگیکردنی ئەرکی جەنگی دژ بە داعش.

تا ئێستا هێزەکانی سوریای دیموکرات یان بەڕێوبەری خۆسەر هیچ لێدوانێکیان نەداوە لەسەر ئەو زانیارییانەی لەم  راپۆرتەدا هاتوون.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر