سەرۆککۆماری ئێران بە یاوەری شاندێکی وەزاری بەرفراوان گەیشتە دیمەشق
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران بە سەردانێکی فەرمی دوو رۆژە گەیشتە دیمەشق، ئەمەش لە ماوەی 13 ساڵدا بە یەکەم سەردانی لەم جۆرە دادەنرێت.
دەزگای فەرمی “سانا” رایگەیاندووە کە سەرۆک کۆماری ئێران گوتووێژی سیاسی و ئابووریی بەرفراوان لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سوریا ئەنجام دەدات و دواتریش کۆمەڵێک رێککەوتن واژۆ دەکرێن.
ئاژانسەکان باسیان لەوە کردووە کە سەرۆک کۆماری ئێران لە فڕۆکەخانەی دیمەشق لەلایەن وەزیری ئابووری و بازرگانی دەرەوە، محەمەد سامر خەلیل، پێشوازی لێ کراوە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، بڕیارە سەرۆک کۆماری ئێران دوای فڕۆکەخانە بچێتە کۆشکی گەل و لەوێ مەراسیمی پێشوازی فەرمی بەڕێوەدەچێت.
“سانا” ئاماژەی بەوەدا کە شاندی وەزاری یاوەری سەرۆک کۆماری ئێران پێکهاتوون لە وەزیری دەرەوە، وەزیری رێگاوبان و بیناسازی شارەکان (سەرۆکی لێژنەی هاوبەشی ئابووری)، وەزیری بەرگری، وەزیری نەوت، وەزیری پەیوەندییەکان ، بەرپرسی نوسینگەی سەرۆک کۆمار، نوێنەری ئەنجومەنی شورای ئیسلامی و یاریدەدەری کاروباری سیاسی نووسینگەی سەرۆک کۆماری ئێران.