گۆتێرێس: رێژەی کوشتنی میدیاکاران بەرێژەی 50٪ بەرزبووەتەوە

دیمه‌شق – نۆرس پرێس

بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەری، سەرۆکی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند کە میدیاکان لە هەموو گۆشەیەکی جیهان لەژێر هێرشدان و هۆشداریی دایە وڵاتان کە واز لە بەئامانجکردنی رۆژنامەوانان بهێنن و دەشڵێت: “هەموو ئازادییەکەمان بەندە بە ئازادیی رۆژنامەگەرییەوە.”

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند کە لە ساڵی 2022دا کوشتنی میدیاکاران بە ڕێژەی 50% بەرزبووەتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئازادی رۆژنامەگەری “بناغەی دیموکراسی و دادپەروەرییە” بەڵام لەژێر هەڕەشەدایە، بەهۆی بڵاوکردنەوەی زانیاری نادروست، هەڕەشە لەسەر بڵاوکردنەوەی زانیاریی راست و دروست هەیە.”

هەر بەگوێرەی رێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، لە ساڵی 2022دا لانیکەم 55 رۆژنامەوان و 4 میدیاکاری دیکە لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکەکانیان کوژراون و تەنها لە ساڵی 2022 زیاتر لە 533 میدیاکار دەستگیرکراون.