یونامی: ئازادی رادەربڕین، بزوێنەری سەرجەم ئازادییەکانی دیکەیە
هەولێر – نۆرس پرێس
نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق، لە رۆژی جیهانیی ئازادی رۆژنامەگەری رایگەیاند، کاتێک یاساکان بۆ بێدەنگکردن بەکاردەھێنرێن، ئەوا ئازادی رادەڕبڕین دەکەوێتە مەترسییەوە و جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە بەردەوامن لە پاڵپشتیکردنی عێراقییەکان بۆ بەرگرییکردن لە ئازادی رادەڕبرین.
یۆنامی لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، ئازادی رادەربڕین، بزوێنەری سەرجەم ئازادییەکانی دیکەیە و گرنگە بۆ کارکردنی سەرجەم کۆمەڵگا دیموکراتخوازەکان کە تیایدا دەزگا میدیاییەکان ئازاد و سەربەخۆیانە کاردەکەن.
راشیگەیاندووە کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بەردەوامە لە بەدۆکیۆمێنتکردنی کەیسەکانی ھەڕەشەکردن، مسۆگەرکردنی رادەربڕینی کەسەکان به ئازادی و بێ ترسان له تۆڵەسەندنەوە زۆر گرنگه، هەروەها توندوتیژی دژ بەو کەسانەی کە لەسەر مافی ئازادی رادەڕبڕین کار دەکەن.
هاوکات جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەعێراق رایگەیاند، بێدەنگکردن و رەتکردنەوە و رێگریکردن یاخود لاوازکردنی گوتاری جەماوەری تەنها دووشت بەدەستدەهێنێت، شێواندنی وێنەی دەوڵەت و لەدەستدانی متمانەی جەماوەر.
داوایشی کردووە کە یاساکان بۆ بێ دەنگکردن بەکارنەھێنرێن و رایگەیاندووە “کاتێک یاساکان بۆ بێدەنگکردن بەکار دەھێنرێن، ئازادی رادەڕبرین دەکەوێتە مەترسییەوە، ھەروەھا یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی بەردی بناغەی دیموکراسی لە کومەڵگادا، لاواز دەکات”.