لە سەروبەندی سەردانەکەیدا بۆ سوریا، سەرۆک کۆماری ئێران داوا لە ئەمریکییەکان دەکات سوریا جێبهێڵن
دیمهشق – نۆرس پرێس
رۆژی سێشەممە، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران، لە سەروبەندی سەردانەکەیدا بۆ دیمەشق، داوای کرد هێزەکانی ئەمریکا خاکی سوریا بەجێبهێڵن.
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 3ی ئایاری 2023، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران سەردانی سوریا بکات، بە سەردانێکی دوو رۆژە، ئەمەش یەکەم سەردانە لە دوای دەستپێکردنی شەڕی سوریاوە.
رەئیسی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ئەلمەیادین گوتی: “ئەمریکییەکان و ئیسرائیلیەکان هیوایەکی زۆریان بە رووخانی سوریا و هێڵی پێشەوەی بەرخۆدان بشکێنن.”
ئاماژەی بەوەشکرد، “رەنگە ئێران تاکە وڵات بێت کە پاڵپشتی سوریای کردبێت و لە بەرامبەر تەکفیرییەکان وەستابێت و لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو وڵاتانەی کە بەدوای دابەشبووندا دەگەڕێن، حیزبوڵای لوبنان و ئێران هاوکاریان کرد بۆ ڕێگریکردن لە دابەشبوونی سوریا”.
رەئیسی باسی لەوەکردوە زۆرێک لە وڵاتان و نێوچەکانی جیهان درکیان بەوەکردوە کە سوریا هەرگیز نادۆرێت و شکست ناهێنێت هەربۆیە جارێکی دیکە بە پەیوەندیەکانیاندا دەچنەوە لەگەڵ ئەو وڵاتە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، کە “تاران پێشوازی لە گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی حکومەتی سووریا لەگەڵ وڵاتانی دیکەی جیهان و بەتایبەت وڵاتانی ناوچەکە دەکات”.
ئاماژەی بەوەدا کە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و سوریا ستراتیژی و گرنگە و بەردەوامیش دەبێت، “سەردانەکەم بۆ سوریا لە چوارچێوەی چەسپاندن و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندیانەدایە لە هەموو بوارەکاندا پەرەی پێبدەین”.
ڕرەئیسی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “ئێمە جەخت لەسەر پێویستی سەروەریی سوریا دەکەینەوە بەسەر هەموو خاکەکانیدا و پێمان وایە کە ئەمریکییەکان دەبێت دەستبەجێ بکشێنەوە”.
گوتیشی، “سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوەی سوریا، ئێمە ئامادەین هاوکاربین لەگەڵ گەل و حکومەتی سوریا” جەختیشیکردەوە “دەبێت سوریا بەخێرایی ئاوەدان بکرێتەوە، ئاوارەکان بگەڕێنەوە و دۆخەکە ئاسایی بێتەوە”.