دیمەشق – نۆرس پرێس
پاش هەڵگیرسانی جەنگ و ئاڵۆزییەکانی سوریا، ئەمڕۆ بۆ یەكەمجار دوای 12ساڵ دابڕان، سەرۆك كۆماری ئێران بە سەردانێكی فەرمی دەگاتە دیمەشق، بڕیاریشە سەردانەكە دوو رۆژ بخایەنێت، وابڕیارە چاوی بە هاوتا سورییەكەی بكەوێت و لە کۆبونەوەى هەردوولا پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان و دۆسێیە سیاسی و ئابوورییە هاوبەشەكانى نێوانیان تاوتوێ دەکرێت.
لەمبارەوە ئاژانسی “سانا”ی نزیک لە حکومەتی سوریا بڵاویكردەوە، لە دەوروبەری باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق، چەند رۆژێكە ئامادەكارییەكان بۆ سەردانەكەی سەرۆك كۆماری ئێران بەڕێوەدەچێت.
عەلی بەهادری جەهرۆمی، گوتەبێژی حكومەتی ئێران بە میدیا ناوخۆییەکانی ئێرانی رایگەیاندووە، کە سەردانەكەى ئیبراهیم رەئیسی لەسەر بانگهێشتی بەشار ئەسەد بووە و سەردانەكەش بۆ هەردوو وڵات گرنگییەكی ستراتیژی هەیە.
هەروەک رۆژنامەی وەتەنی نزیك لە حكومەتی سوریا بڵاویكردەوە، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆك كۆماری ئێران، بە یاوەری شاندێکی پلە باڵای وەزاری سیاسی و ئابوری، لە میانەى سەردانەکەیدا گەشتێك بۆ چەند ناوچەیەكی دیمەشق ئەنجام دەدات.
ئاژانسەکان ئەوەشیان خستەڕوو، کە بەربەستە گەورەکانی ئاسن و کۆنکرێت کە لە ساڵانی یەکەمی ململانێکانەوە لە دەوروبەری باڵیۆزخانەکە دانرابون، لابراون.
سەردانەکەی ئیبراهیم رەئیسی لە چوارچێوەی نزیکبونەوەی نێوان ریاز و تاراندایە، کە لە مانگی ئازاردا دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان دوای پچڕانێکی زۆر لەسەر ململانێی سوریا راگەیاند، هاوکات کردنەوەیەکی عەرەبیە بە تایبەتی سعودیە بەرەو دیمەشق کە لەلایەن چەند وڵاتێکەوە لە ساڵی 2011ەوە بایکۆت کراوبوو.
ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕۆژی دوشەممەی رابردو لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی خۆی لە تاران رایگەیاند، سوریا چوەتە قۆناغی ئاوەدانکردنەوە و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ئامادەیە لەم قۆناغەشدا لەگەڵ حکومەتی سوریا بێت.