پەمپکردنی ئاو لە وێستگەی عەلووک دەستی پێکردەوە

کۆبانێ – نۆرس پرێس

دوێنی سێشەممە، وێستگەی ئاوی عەلووک لە گوندەواری حەسەکە دەستی بە پەمپکردنی ئاو کردەوە، ئەویش دوای پچڕانی لەلایەن تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سەر بەوانەوە، کە تەواوی ناوچەی وێستگەکەیان کۆنترۆڵکردووە، بە بیانووی بوونی شکان و هەڵکەندن و چاککردنەوەیان.

دوای نزیکەی 6 مانگ لە بڕینی، رۆژی 19ی نیسانی رابردوو ئاوی بیرەکانی وێستگەی عەلووک گەیشتە ماڵی دانیشتوانی شاری حەسەکە و شارۆچکەکانی، بەڵام تەنها نزیکەی دوو هەفتە بەردەوام بوو و دواتر بە بیانووی چاککردن راگیرا.

نەوار سەبری، هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی خواردنەوە لە حەسەکە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، “ئێوارەی دووشەممە، پەمپکردن لە وێستگەی عەلووکەوە بەرەو حەسەکە راگیراوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “پچڕانێک لە هێڵی سەرەکیدا هەیە و لەسەر داوای یونیسێف کارەباش پچڕاوە”، بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر ئاشکرا بکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، دەستدرێژی بەردەوام هەیە بۆ سەر هێڵی کارەبا و تەنها بەشێکی وێستگەکە کاردەکات، هەروەها تێکدان و شکاندنی هێڵی ئاو لەو ناوچانەی کە تورکیا کۆنترۆڵی دەکات لە سەرێ کانێ بە بەردەوامی دەبینرێت.

رێکخراوی “یونیسێف” بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی حەسەکە نێوەندگیری کردبوو و پەیوەندی بە لایەنی تورکیاوە کردبوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پەمپکردنی ئاو، دواتر لەسەر ئەوە رێککەوتن کە لە بەرامبەر پەمپکردنی ئاو، بەڕێوبەری خۆسەری کارەبا بە ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی تورکیا بدات  لە باکووری حەسەکە.

ئامادەکردنی: ژیندار عەبدولقادر – داڕشتنەوەی: سەعد ئەلیازچی