ئاسایش تۆڕێکی 8 کەسیان لەنێو رەقە دەستگیرکرد کە هەوڵی ساخکردنەوەی دۆلاری ساختەیان دەدات

رەقە – نۆرس پرێس

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا، دەستگیرکردنی تۆڕێکی بازرگانانی دراوی ساختەیان لە شاری تەبقەی سەر بە پارێزگای رەقە کە لە کۆتایی مانگی ئازاری ڕابردووەوە دەستگیرکرابوون راگەیاند.

 ئاسایش لە ڕاگەیەندراوەکدا ڕایگەیاندووە، “هێزەکانمان، لە بەرەنگاربوونەوەی تاوان، لە 31ی ئازاردا تۆڕێکی 8 کەسیان دەستگیرکرد کە هەوڵی ساخکردنەوەی دراوی ساختەیان دەدات لە شارۆچکەی تەبقە”.

ئاسایش لە راگەیەندراوێکدا دەلێت، دوای ئەوەی چەند زانیارییەکیان پێگەیشت لەسەر بوونی تۆڕێکی ساختەی دۆلاری ئەمریکی، لە نێو شارۆچکەی تەبقەدا، هێزەکانی ئاسایش دەستیکرد بە ئۆپەراسیۆنی چاودێری و لێکۆڵینەوە، لەو چوارچێوەیە، توانیان چوار کەسی گومانلێکراو دەستگیربکەن.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە ئاماژەیان بەوەشکرد، دەستیان بەسەر 28 هەزار و 850 دۆلاری ئەمریکی و 5000 هەزار  لیرەی سوری و چەکێکی کڵاشینکۆف گرتووە.

لە راگەیەندراوەکەدا جەختیکردۆتە سەر ئەوەی کە تاوانباران دانیان بەوەدا ناوە کە مامەڵەیان لەگەڵ چوار کەسی دیکەدا کردووە و کاریانکردوە بۆ ساخکردنەوەی دراوی ساختە، دواتر هێزەکانی ئاسایش توانیان چوار کەسی دیکەش دەستگیربکات و هەموویان لەگەڵ ئەو شتانەی دەستیان بەسەردا گیراوە گواستراونەتەوە بۆ داواکاری گشتی بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست.