سەرۆکی فیدراسیۆنی وەرزشی گشتی : سەلامەتی جەماوەر لە ئامادەبوونیان گرنگترە
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ سێ شەممە فیدراسیۆنی گشتی وەرزشی سوریا ڕایگەیاند، چوونە ناو یاریگا و هۆڵەکانی وەرزشی بۆ سەرجەم هاندەرانی یانەکان قەدەغەکراوە.
لێژنەی ئەندازیاری و بەرپرسی پشکنینی یاریگا و هۆڵە وەرزشییەکان لە ڕاپۆرتێکدا کە ئەمڕۆ پێشکەشی فیدراسیۆنی وەرزشی کردووە باسی ئەوەی کردووە کە دامەزراوەکان سەلامەت نین، بەهۆی ئەو بوومەلەرزەیەی شەشی شوبات لە سوریا چونکە زیانی بە یاریگاکان گەیاندووە.
لەمبارەیەوە، فیراس مەعڵا سەرۆکی فیدراسیۆنی وەرزشی گشتی رایگەیاند، سەلامەتی جەماوەر گرنگترە لە ئامادەبوونیان لە یاریگاکان، ئێمە بە پەرۆشین بۆ ئامادەبوونی جەماوەری تیمەکان، بەڵام سەلامەتیان بۆ ئێمە گرنگترە.
ڕوونیشیکردەوە، ئەو بابەتە پەیوەندی بە سەلامەتی گشتییەوە هەیە، هەندێک هەوڵدەدەن هەڵوێست لەسەر بڕیاری قەدەغەکردنەکە وەربگرن کە ئەمەش جێگەی داخە، هەرکاتێک وەرزەکە کۆتایی هات، کارەکانی بیناسازی پێویست ئەنجامدەدرێت بەجۆرێک سەرجەم هۆڵ و یاریگاکان پێش دەستپێکردنی وەرزی نوێ تەواوبکرێن.