هەولێر- نۆرس پرێس
وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە مانگی نیسانی رابردوودا، 98 ملیۆن و 634 ھەزار و 947 بەرمیل نەوت ھەناردەكراوە و كۆی گشتی داھاتەكەشی گەیشتووەتە، حەوت ملیار و 796 ملیۆن دۆلار.
لەڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی نەوتی عێراق، پشت بەستن بە ئامارێكی كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عێراق (SOMO)، بڕ و داھاتی نەوتی فرۆشراوی بۆ مانگی نیسان بڵاوكردووەتەوە.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە، بڕی ئەو نەوتەی كە لە مانگی رابردوودا ھەناردەكراو، 98 ملیۆن و 634 ھەزار و 947 بەرمیل بووە كە كۆی گشتی داھاتەكەی گەیشتووەتە، حەوت ملیار و 796 ملیۆن دۆلار.
ئەوەشی خستووەتەڕوو كە لە مانگی نیسانی رابردوودا، رۆژانە تێكڕا سێ ملیۆن و 288 ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردەكراوە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، لە مانگی شوباتدا یەك بەرمیل نەوت تێكڕا بە 79،04 دۆلار فرۆشراوە.
داھاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت لە مانگی ئاداردا، حەوت ملیار و 404 ملیۆن دۆلار بووە. بەمەش داھاتی عێراق لە فرۆشتنی نەوت لە مانگی نیساندا بەراورد بە مانگی ئادارد 392 ملیۆن دۆلار زیادی كردووە.