بەرپرسانی ئەمریکا بانگەشەی ئەردۆغان دەربارەی کوشتنی سەرکردەکەی “داعش” رەتدەکەنەوە

دیمەشق– نۆرس پرێس

ئەمریکا رەتیکردەوە پشتگیری لە بانگەشەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بکات کە دەڵێت، هێزەکانیان سەرکردەی ئێستای دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”یان کوشتووە.

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، رایگەیاند، کە هێزەکانیان سەرکردەی دەوڵەتی ئیسلامی “داعش”یان بە ناوی “ئەبو حسێن قوڕەیشی” لە ئۆپەراسیۆنێکی هەواڵگرییدا لە سوریا کوشتووە.

لە کاتێکدا زۆرێک لە هەواڵەکان باسیان لە هەوڵێکی “پڕوپاگەندەی ناشرین” کرد لە لایەن ئەردۆغانەوە، بەو پێیەی تۆمەتەکانی لە چوارچێوەی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردندا هاتبوون، میدیاکانی تورکیا رایانگەیاند کە ئۆپەراسیۆنەکە لە شارۆچکەی جندرێس لە گوندەواری عەفرین ئەنجامدراوە.

جندرێس لە گوندەواری عەفرین لە بەهاری 2018وە لە لایەن تورکیا و گروپە دڵسۆزەکانیەوە کۆنترۆڵیان کراوە.

ئەردۆغان رووبەڕووی یەکێک لە چارەنووسسازترین هەڵبژاردنەکانی دوو دەیەی دەسەڵاتی خۆی دەبێتەوە.

ئەمەریکا کە سەرکردایەتی هاوپەیمانییەکی سەربازی نێودەوڵەتی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکات دژ بە “داعش”، بانگەشەکەی ئەردۆغانی پشتڕاست نەکردەوە کە گوایە سەرکردەی رێکخراوەکەیان کوشتبێت.

میدیاکانی ئەمریکا لەوان ئەلمۆنیتەر و دەنگی ئەمریکا لە زاری بەرپرسانەوە رایانگەیاندووە، کە “ناتوانین ئەمە پشتڕاست بکەینەوە، جگە لەوەش هیچ زانیارییەکمان نییە بۆ پشتگیریکردنی ئەم ئیبانگەشەیە”.

زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە زنجیرەیەک راپۆرتی گشتیدا لە ماوەی ساڵی رابردوودا، ئاماژە بەوە دەکەن کە سەرکردەکانی داعش هەوڵ دەدەن لە فشارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر خۆیان دەرباز بکەن، کە بووەتە هۆی کوشتن یان دەستگیرکردنی لانیکەم 13 ئەمیر و بەرپرسانی باڵای “داعش” لە سەرەتای ساڵی 2022ەوە.

ئەمەش کوژرانی بەرپرسێکی باڵای ئەو رێکخراوە لە هەڵمەتێکی ئەمەریکا لە مانگی ڕابردوودا بۆ باکووری سوریا دەگرێتەوە. بەرپرسانی سەربازی ئەمەریکا رایانگەیاند، “عەبدولهادی مەحمود ئەلحاج عەلی” بەرپرسیار لە پلاندانان بۆ هێرشەکان لە ئەوروپا، لەوکاتەدا کوژرا، کە سەرقاڵی پیلانێک بوو بۆ رفاندنی بەرپرسانی بیانی.

ئەردۆغان هەڵمەتە پڕوپاگەندەییەکانی چڕتر کردوەتەوە، چونکە ئەمجارەیان رووبەڕووی گەورەترین گردبوونەوەی ئۆپۆزسیۆن دەبێتەوە کە رەنگە لە هەڵبژاردنی یاسادانان و سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی کە بڕیارە 14ی ئایار ئەنجام بدرێت، بدۆڕێت.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر