هەولێر – نۆرس پرێس
رۆژی دووشەممە، 1ی ئایاری 2023، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق شەش ئەندامی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ی لە سێ پارێزگاری عێراق دەستگیرکرد.
دەزگاکە لە راگەیەندراوێکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاویکردۆتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، “دوای بەدواداچوون بۆ ئۆپەراسیۆنەکان، مەفرەزەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی توانیان سێ تیرۆریست لە بەغدا و دوو تیرۆریست لە کەرکوک و تیرۆریستێکی دیکە لە ئەنبار دەستگیر بکەن، دوای ئەوەی زانیارییەکان بوونی ئەم تیرۆرستانە لە پارێزگای سلێمانی پشتڕاستکرایە”.
دەزگا ئەمنییەکانی عێراق و سوپای عێراق بەدواداچوون بۆ ئەندامانی ڕێکخراوەکە دەکەن، کە بە ئۆپەراسیۆنی هێرشبەرانە و هەرەشەی تەقینەوە لە چەند شارێکی عێراق دەکات، بەو پێیەی توانیویانە لە 20ی نیسانی رابردووەوە زیاتر لە 25 ئەندامی رێکخراوەکە دەستگیربکەن.
داعش لە ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر رۆژئاوا و باشووری کوردستان، سووریا و عێراق و ناوچەیەکی بەرفراوانی کۆنتڕۆڵکرد و خەلافەتی راگەیاند.
لە ساڵی 2017 لە باشووری کوردستان و عێراق و لە ساڵی 2019 لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان، دوای شەڕێکی خوێناویی سەختی هێزە خۆجێیەکان بە پشتییوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش کە ئەمریکا سەرکردایەتیی دەکرد، رووخاندنی خەلافەتەکە راگەیەندرا.
بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) کە لە کۆتایی 2022 بڵاویکردووەتەوە، مەزەندە دەکرێت شەش هەزار بۆ 10 هەزار چەکداری رێکخراوە “بە تیرۆرست” پۆڵێنکراوەکە لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان، سووریا و عێراق مابن.