هەولێر – نۆرس پرێس
بەرزبونەوەی ڕێژەی سود لە چوارچێوەی پلانی بههێزكردنی دراو بۆ سنوردارکردنی هەڵاوسان لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا نزیکە لە کۆتایی، لەکاتێکدا هێشتا بەرزبونەوەی نرخەکان و پاشەکشەی ئابوری له وڵاتهكه بهردهوامه و تادێت ناڕهزاییهكانیش زیاتردهبن.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی بلومبێرگ، سهرهڕای ئەوەی جیرۆم پاول، سەرۆکی یەدەگی فیدڕاڵی کۆدەنگی بەدەستهێنا بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی سود، بهڵام پاراستنی ئەو ڕێککەوتنە قورستر دەبێت دوای ئەوەی ناڕهزایەتی بههۆی زیادبونی هەڵاوسان و پاشهكشهی ئابوری سهریههڵداوه.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتوه، هەڵاوسان هێشتا زۆر بەرزە، لەکاتێکدا ئەندامانی یەدەگی فیدڕاڵی و زۆرێک لە ئابوریناسانی کەرتی تایبەت، پاشەکشەی ئابوری لە چەند مانگی داهاتودا دەبینن.
ماڵپەڕی بلومبێرگ بڵاویکردوەتەوە، لەوەتەی کۆرۆنا لە سەرەتای ساڵی 2020دا مەترسی لەسەر ئابوری ئەمەریکا دروستکردوە، سەرۆکی یەدەگی فیدڕاڵی زیاتر لە 98%ی دەنگەکانی لیژنەی بازاڕی کراوەی فیدڕاڵی لە بەرژەوەندی سیاسەتەکانی بەدەستهێناوە، ئەوەش بە مەبەستی هاندانی گەشەکردن لەکاتی پاشەکشە و دواتر بەرەنگاربونەوەی هەڵاوسان لە ساڵی رابردودا.
بەڵام راپۆرتەکە ئاماژە بە رەوتێک دەکات بۆ گۆڕانی ئەم دۆخە، لەبەر ڕۆشنایی زیادبونی ئەگەری فراوانبونی ناڕهزایەتی لە بەرامبەر سیاسەتەکانی سەرۆکی یەدەگی فیدڕاڵی.
بەرپرسانی بانکی فیدراڵی ئاماژەیان بەوەکردوە، کە لیژنەی بازاڕی کراوەی فیدڕاڵی لە کۆبونەوەی رۆژانی 2-3ی ئهم مانگهدا رێژەی سود جارێكیتر بەرزدەکاتەوە بهڕێژهی 5% جگە لەوەش، ئابوری ئهمەریكا بەهۆی زیادبونی قەرزەکان لە دوای شکستی بانکهكانی سلیکۆن ڤالی و بانکی واژۆ، زەبرێکی زۆری لێکەوتوە، هەروەها لیژنەی بازاڕی کراوەی فیدڕاڵیش پێشبینی دەکات لە کۆتایی ئەمساڵەدا ڕێژەی بێکاری بەرزبێتەوە بۆ 4.5%.