بەشار ئەسەد فەرمانێک دەردەکات بۆ یارمەتیدان و پاڵپشتیکردنی ئەو کەسانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە

دیمەشق – نۆرس پرێس

رۆژی دووشەممە بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریا، فەرمانێکی یاسایی بۆ دامەزراندنی سندوقی نیشتمانی بۆ پاڵپشتیکردنی دارایی دەرکرد، پاڵپشتیەکە بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی بومەلەرزەوە زیانیان بەرکەوتووە.

لە دەقی فەرمانی سەرۆکایەتی کۆماردا ئاماژە بەوەکراوە کە سندوقێک بەناوی سندوقی نیشتمانی بۆ پاڵپشتیکردنی  زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزە، لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دادەمەزرێت، ئەو سندوقە لەڕووی داراییەوە سەربەخۆ دەبێت و پەیوەست دەبێت بە سەرۆکی حکومەتەوە.

لە فەرمانەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەرکی سندوقەکە بریتییە لە پێشکەشکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانی جەستەیی و ماددیان بەرکەوتووە، یارمەتیەکانیش بەپێی ئەو پێوەرانەی کە لەیاسایەکەدا دیاریدەکرێن پێشکەش دەکرێن.

هەروەها لە دەقی فەرمانەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ماوەی کارابوون و بەردەوامی  سندوقەکە  لە بەرواری دامەزراندنیەوە تا سێ ساڵ دیاری کراوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: سەعەد یازچی