ئایا کورد هەڵبژاردنەکانی تورکیا یەکلایی دەکاتەوە؟ دەیڤید سادلەر بۆ رۆژنامەی “گڵۆب ئیکۆ”ی بریتانی

وەرگێڕانی: نۆرس پرێس

لەسەدا بیستی هاووڵاتیانی تورکیا بەڕەچەڵەک کوردن و ئێستا حکومەت و ئۆپۆزسیۆن ململانێی دەنگەکانیان دەکەن- چونکە ئێستا ئەوان دەتوانن دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکە یەکلایی بکەنەوە- هەروەها ئەردۆغان لە ساڵانێک لەمەوبەرەوە پشتیوانی کوردی لەدەست داوە.

کەمینەی کورد لە تورکیا لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمارەوە پشتگوێ خراوە. زۆرجار تۆمەتبار دەکرێن بەوەی کە لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) نزیکن و بەردەوام هێرشیان دەکرێتە سەر و رێگریان لێدەکرێت کە بە زمانی خۆیان بدوێن.

لەم هەڵبژاردنەدا حکومەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، گرینگی بەو ئاراستەیە دەدات،. کەمال کلیچدارئۆغڵو، کاندیدی ئۆپۆزسیۆنی پارتی گەلی کۆماری، لە گرتەیەکی ڤیدیۆیی تۆمارکراودا دەڵێت: “کاتێک ئەردۆغان درک بەوە دەکات کە رەنگە لە هەڵبژاردنەکاندا بدۆڕێت، کورد وەک تیرۆریست پۆلێن دەکات، بەڕاستی شەرمەزارییە کە هەمیشە و بێوەستان ملیۆنان کورد وەک تیرۆریست مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت”.

ئەردۆغان خۆی بە دۆستی راستەقینەی کورد دەزانێت

ئەردۆغان لە تەلەفزیۆن بە خۆنابەڵەد کردنەوە دەڵێت: “پارتی گەلی کۆماری گرنگی بەو هاووڵاتییە کوردانە نادات کە خوشک و برای منن! ئەو درۆ دەکات!” ئەردۆغان خۆی بە دۆستی راستەقینەی کورد دەزانێت.

بەڵام هەوڵدان بۆ گەیشتن بە بازنەی هەڵبژاردنەکەی و کوردیش پێویستی به گه یشتن به هاوسەنگییەکی سیاسی دژوار هەیە.

 ئەردۆغان بەم شێوەیە هەوڵ بۆ ئەوە دەدات: “ئێمەش وەک ئێوە کوردین. ئێمە – تورک و کورد – پایەی ئەم وڵاتەین”.

نزیکەی لەسەدا 20ی هاووڵاتیانی تورکیا بە رەچەڵەک کوردن، ئەردۆغان ساڵانێکە هەوڵی ئاشتبوونەوە لەگەڵیان دەدات، زۆرێک دەنگیاندا بە پارتەکەی، پارتی داد و گەشەپێدان، بەڵام لە ساڵی 2015وە ئەردۆغان کۆتایی بە هەموو ئەمانە هێنا.

لە ماوەی مانگێکدا تورکیا پەرلەمان و سەرۆکی دەوڵەتەکەی هەڵدەبژێرێتەوە — سەرۆک ئەردۆغانیش لەژێر فشاردایە.

پارتی داد و گەشەپێدان پشتیوانی کورد لەدەست دەدات

‘وەهاب کۆسکون’ لە زانکۆی دیجلە لە دیاربەکر دەڵێت: لەو کاتەوە زۆرێک لە کوردەکان کاتێکی ناخۆشیان لەگەڵ ئەردۆغان بەسەر بردووە، ئەمەش لە هەڵبژاردنی 2019دا تەواو روون بووەوە.

کۆسکون دەشڵێت: “بە پشتیوانی دەنگدەرانی کورد، ئاکەپە سەرکەوتنی گەورەی لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستهێنا، بەڵام کورد لە هەڵبژاردنەکانی 2019دا دەستبەرداری پشتیوانیکردن بوو لەوان، و لە ئەنجامدا ئاکەپە شارە گەورەکانی لەدەستدا”.

توڕەیی لە دوای بوومەلەرزەکەوە

لەدوای بوومەلەرزەکەی سەرەتای مانگی شوباتەوە، خەڵکێکی زیاتر لە بەشە کوردنشینەکانی ئەو وڵاتە ناڕەزاییان بەرامبەر ئەردۆغان و ئاکەپە دەربڕی، ئەوان ئەو بەوە تاوانبار دەکەن کە پابەند نەبووە بە بنەماکانی بیناسازییەوە لە رابردوودا، جەختی لەوە کردووەتەوە کە مەحاڵە بەڵێندەرانی بیناسازی لە لێپێچینەوە رزگاریان بێت.

بەڵام تەنانەت پێش بوومەلەرزەکەش، ئەردۆغان بەهۆی قەیرانی ئابووری زیاترەوە، پشتیوانی کەمینەی کورد لەدەست دەدا. ئەو سیاسەتمەدارە چەپی کورد، مینیکس کیزیلدرا، پێیوایە ئەمە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکاندا رەنگ دەداتەوە.

دەشڵێت: هەژاران زیاتر هەژار دەبن و زۆربەی خەڵکی ناوچە کوردییەکان هەژارن و زەبرێکی زۆریان بەرکەوتووە، بۆیە پێموایە ئەمە بڕیار لەسەر گۆڕانکارییەکە دەدات. “لە روانگەی ئەوەوە کورد بە تایبەتی بەدەست سیاسەتەکانی ئەردۆغانەوە دەناڵێنێت.”

“ئەگەری تێکچوون”

تەنیا ئەوەی کە زمانەکەیان دانپێدانانرێت، کێشەی زۆر دروست دەکات: “بەشێک لە هاووڵاتیانی کورد زمانی تورکی نازانن، بەتایبەتی ژنان، ئەگەر ناچار بن بچنە نەخۆشخانە یان ناوەندێکی دەسەڵات، پێویستیان بە وەرگێڕ هەیە”.

ئەگەر هەموو ئەمانە پێکەوە لەبەرچاو بگرین، ئەوا ئەگەری زۆرە ئەمانە ببنەهۆی گێژاوی سیاسی لە تورکیا، بە گوتەی شرۆڤەکار ‘کۆسکون’ پارتەکەی ئەردۆغان لە رووی سیاسییەوە دەکەوێت بەهۆی پەیوەندییە تەمومژاوییەکەی لەگەڵ کورد.

کۆسکون دەشڵێت، لە ساڵی 2019ەوە ئاکەپە هیچ هەنگاوێکی بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کورد نەناوە، هەر بۆیە ئەگەری زۆرە بۆ یەکەمجار ئاکەپە لەم هەڵبژاردنەدا بدۆڕێت”.