بەمزوانە نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە سوتاویی و شێرپەنجە و تالاسیمیا لە قامشلۆ دەکرێتەوە
قامشلۆ– نۆرس پرێس
ئەمڕۆ دووشەممە، بەرپرسێکی مانگی سووری کورد، لە رۆژئاوای کوردستان ئاشکرای کرد، بەم زووانە ئامادەکارییەکان تەواو دەبن بۆ کردنەوەی یەکەمین نەخۆشخانەی تایبەت بە چارەسەری سوتاویی و شێرپەنجە و تالاسیمیا و نەخۆشییە وەرەمییەکان لە شاری قامشلۆ.
حەسەن ئەمین، هاوسەرۆکی مانگی سووری کوردی، بە نۆرس پرێسی راگەیاند، بەمزوانە نەخۆشخانەکە ئامادە دەبێت، کە پێداویستی و ئامێری پێویستی لە لایەن رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە بۆ ئامادەکراوە، “هەتا بتوانین بە فەرمی نەخۆشخانەکە بکەینەوە، خزمەتگوزارییەکانیش بەخۆڕایی دەبێت”.
ئەوەشی زیاد کرد، کە ستافێکی پزیشکی تایبەتمەند لە سەرجەم بەشەکانی نەخۆشخانەکەدا هەیە.
نەخۆشخانەکە لە سێ نهۆم پێکدێت، یەکەمیان تایبەتە بە نەخۆشییە وەرەمییەکان (بەشی پشکنین و خەواندن لە نەخۆشخانە)، نهۆمی دووەم تایبەت بە سووتاوییە، سێیەمیش بۆ تووشبووانی تالاسیمیا، بە گوتەی ئەمین ” پلانی دانانی بەشی تایبەتە بە بانکی خوێنیش هەیە، بەو پێیەی نەخۆشانی تالاسیمیا پێویستیان پێیەتی”.