دوای 12 ساڵ دیمەشق دەچێتە یەکەم لوتکەی بچوککراوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەب
ژووری هەواڵ – نۆرس پرێس
ئەمرۆ دووشەممە، 1ی ئایاری 2023، عەممانی پایتەختی ئوردن میوانداری کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئوردن، سعودیە، عێراق و میسر لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا دەکات، بۆ تاوتوێکردنی گەڕانەوەی دیمەشق بۆ “کۆمکاری عەرەبی” دوای 12 ساڵ لە ململانێ لە وڵاتەدا.
ئەم دیدارە کە وەزیرانی دەرەوەی چوار وڵاتی عەرەبی و فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سوریا ئامادەی دەبن، ئەو پرسانەی کە تاوتوێ دەکرێن، تەنها جەخت لەسەر دۆخی سوریا دەکەنەوە، ئەمە جگە لە پرسەکان هەر یەک لە وڵاتانی سودان، فەلەستین، لوبنان و یەمەن.
سینان مەجالی، گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی ئوردن، رایگەیاند، ئەو کۆبوونەوەیە لە درێژەی کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری وڵاتانی ئەنجوومەنی هاوکاری کەنداو، ئوردن، عێراق و میسر دێت، کە لە 14ی نیسانی 2023، لەلایەن سعودیەوە لە شاری جەدە میوانداری کرا .
دیمەشق بەشداریکردنی خۆی لە کۆبوونەوەکەدا پشتڕاستکردەوە، کە تەرخان دەکرێت بۆ گەڕاندنەوەی ئەندامێتی خۆی لە کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی.
بەڵام کۆبوونەوەکەی جەدە ئەنجامێکی ڕاستەوخۆی لێنەکەوتەوە، چونکە تیشک خرایە سەر ئەو پرسانەی کە ڕێگرن لە گەڕانەوەی دیمەشق، ئەویش پرسی ماددە هۆشبەرەکانی نێو سوریا و بوونی بیانی و پرسگەلێکی دیکە کە پێدەچێت دیمەشق ناچار بکات کە گەڕانەوەی بۆ کۆمکاری عەرەبی زەحمەت بێت.
دوای بوومەلەرزە وێرانکەرەکەی 6ی شوبات کە سوریا و تورکیای گرتەوە، پێدەچوو زەمینیکی لەباربووبێت بۆ نزیکبوونەوە لە دیمەشق، چونکە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی پەیوەندییان لەگەڵ دیمەشق کردەوە و هاوکاری مرۆیی کاریگەریان پێشکەش بە سوریا کرد.
سەرەڕای ئەوەی وڵاتانی رۆژئاوا دژی گەڕانەوەی دیمەشقن بەتایبەت ئەمریکا، بەهیچ جۆرێک لەگەڵ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان نییە لەگەڵ “ڕژێمی ئەسەد” بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان و ململانێیەکان.
ڕێککەوتنی سعودیە و ئێران بە نێوەندگیری چین، دەرفەتێکی گەورە بوو بۆ دیمەشق، ئەمەش متمانەی زیاتری بە دیمەشق بەخشی بۆ گەڕانەوە بۆ دەوروبەری دەرەوەی وڵاتەکەی دوای 12 ساڵ لە شەڕ و وێرانکاری.
دیمەشق لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2011 لە لوتکەی قەیرانی ناوخۆدا بوو بە جۆرێک بوو بە شەڕی چەکداری، لە کۆمکاری عەرەبی کارەکانی ڕاگیرا.
ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند کە “عێراق هەڵوێستی پتەوی خۆی لە بارەی گەڕاندنەوەی سوریا بۆ شوێنی خۆی لە کۆمکاری عەرەبی نوێ دەکاتەوە بە پێی چارەسەرێکی سیاسی کە ئاسایش و سەقامگیرییەکەی بەرز دەکاتەوە”.
لە کاتێکدا ئەمریکا و بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپی هێشتا سزای بەرفراوان بەسەر دیمەشقدا دەسەپێنن، کە تۆمەتبارە بە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی گەلەکەی و دڕندانەکردنیان بە بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێک.