وەزارەتی دەرەوەی تونس: سوورییەکان مافی خۆیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان و رابەرەکەیان بدەن
دیمهشق – نۆرس پرێس
وەزیری دەرەوەی تونس رایگەیاند، سوریاییەکان مافی خۆیانە بڕیاربدەن کێ سەرکردایەتیان دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، وڵاتەکەی دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی دیکەدا ناکات.
نەبیل عەمار، وەزیری دەرەوەی تونس، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی “تونس ئەفریقا پرێس” کە ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 30ی نیسانی 2023، بڵاوکرایەوە، گوتی: “پرسی ئەوەی کێ سەرکردایەتی سورییەکان دەکات، “پرسێکی ناوخۆیی سوریایە، سورییەکان خۆیان بڕیار دەدەن”
ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و تونس لەدوای رووخانی حکومەتی پێشوو بە سروشتێکی ئیسلامییەوە دەستیپێکرد، هەروەها هاتنی سەرۆک قەیس سەعید بۆ سەر دەسەڵات لە ساڵی 2021، و لەم دواییانەشدا باڵیۆز و بەرپرسی کونسوڵگەرییان ئاڵوگۆڕ کرد.
تونس دوای ماوەیەکی کەم لە سەرهەڵدانی شەڕەکە نزیکەی 10 ساڵ لەمەوبەر پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ سوریا پچڕاند.
عەمار ئاماژەی بەوەشکرد، یەکەم پەیامی سەرۆکی تونس (قەیس سەعید) کە پێم گەیشتبێت ئەوکاتە بوو کە منی بۆ پۆستە نوێیەکەم دەستنیشان کرد، ئەویش گەڕاندنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بوو لەگەڵ سوریادا.
وەزیری تونس سەبارەت بە سوریا گوتی: “سوریا وڵاتێکە پەیوەندییەکی پتەو و تۆکمەمان لەگەڵیدا هەیە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، باڵیۆزی نوێی وڵاتەکەی لە سوریا تازە پۆستەکەی وەرگرتووە و بەم زووانەش سورییەکان باڵیۆزێکی نوێ دیاری دەکەن.
لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا، وەزیری دەرەوەی سوریا سەردانی تونسی کرد و لەگەڵ سەرۆکی تونس تاوتوێی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ڕێگاکانی پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوانیان کرد.
دوای دانوستانەکان، هەردوو وڵات بەیاننامەیەکی هاوبەشیان پەسەند کرد کە ڕێککەوتنێکیان بۆ چڕکردنەوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان ڕاگەیاند و تونسیش ڕایگەیاند کە هەڵوێستی خۆی بۆ پشتیوانی لە گەڕانەوەی سوریا بۆ ناو کۆمکاری عەرەبی دووپاتدەکاتەوە.
وەزیری دەرەوەی تونس ماوەی پچڕانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریا بە “لادان لە ڕێڕەو” زانیوە و وەک خۆی دەڵێت، گەڕاوەتەوە باری ئاسایی خۆی.