لە گوندەوارەکانی رەقە تەقینەوەیەک روویدا

ڕەقە – نۆرس پرێس

 رۆژی یەکشەممە، لە ناوچەی گرێ سپی لە گوندەوارەکانی ڕەقە مینێک تەقیەوە، بەوهۆیەوە  دوو پۆلیسی تورکیا کوژران و حەوت پۆلیسی تریش برینداربوون.

ئەو تەقینەوەیە لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سەربە تورکیادا روویداوە.

 نووسینگەی پارێزگاری شانلی ئورفا لە باشوری تورکیا ڕایگەیاند، دوو پۆلیسی تورکیا کوژران و 7 پۆلیسی تریش بریندار بوون، لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێک بە خاڵێکی پشکنینی سوپای تورکیا لە نزیک گرێ سپی لە باکوری سوریا.

سەرچاوە ئاگادارەکان ڕایانگەیاند، هۆکاری ڕووداوەکە تەقینەوەی مینێک بووە لە گوندی ئەلزیباقیەی باشوری ڕۆژئاوای گرێ سپی کە دەکەوێتە باکووری ڕەقە،  بریندارانی تەقینەوەکە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەدا، ئەندامێکی سوری  نێو گروپەکانی سەربە تورکیا کوژراوە، هەروەها 4 کەسی تریش لە هەمان تەقینەوەکەدا برینداربوون و ژمارەی کوژراو و بریندارەکان بۆ 14 کەس بەرزبووەتەوە، لەوانەش 9 کەس سەربە هێزەکانی تورکیانە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: سەعەد یازچی