دیمەشق – نۆرس پرێس
میدیاکانی ئێران ئاشکرایان کرد، کە ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران رۆژی چوارشەممەی داهاتوو، لەسەر بانگهێشتی بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سوریا، سەردانی دیمەشقی پایتەختی سوریا دەکات.
حوسێن ئەکبەری باڵیۆزی ئێران لە دیمەشق بەئاژانسی ئێرنای ڕاگەیاند، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران ڕۆژی چوارشەممە بەرەو دیمەشق دەچێت، و پێیان وایە کە سەرەدانێکی زۆر گرنگە و ئەو گۆڕانکاری و پێشهاتانەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن تاوتوێ دەکرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەردانەکەی ڕەئیسی بۆ سوریا بۆ ماوەی دوو ڕۆژ دەبێت و لەو ماوەیەدا فایلە گرنگەکان تاوتوێ دەکرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم سەردانە لەژێر ڕۆشنایی نزیکبوونەوەی ئێران و سعودیەیە و تێیدا پەرە بە پەیوەندیەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی و دیمەشق دەدرێت، بەو پێیەی تاران لەماوەی 12 ساڵی شەری سوریادا، هاوپەیمانێکی سەرەکیی سەرۆک بەشار ئەسەد و سوریایە.
ئەکبەری ئاماژەی بەوەدا کە ئەم سەرەدانە نەک هەر سوودی بۆ تاران و دیمەشق دەبێت، بەڵکو ڕووداوێکی گرنگە کە دواجار وڵاتانی دیکەی ناوچەکە دەتوانن سوودی لێوە ببینن.
سەردانەکەی ڕەئیسی بۆ دیمەشق یەکەم سەردانی سەرۆک کۆماری ئێرانە بۆ سوریا لەدوای سەرهەڵدانی شەڕی سوریا لە ساڵی 2011 دا.