پاپای ڤاتیکان : پێویستە پێشوازی لەو کۆچبەرانە بکرێت کە هەڵدێن لە هەژاری

هەولێر – نۆرس پرێس

پاپای ڤاتیکان رایگەیاند، کۆچبەران دەتوانن لە ڕووی کلتورییەوە وڵاتانی میواندار دەوڵەمەند بکەن و ژمارەی دانیشتوانی ئەوروپاش زیاد بکەن.

ئه‌مڕۆ پاپا فرانسیس لە شاری بوداپێستی ولاتی هەنگاریا داوای لە هەنگارییەکان کرد کە کۆچبەران و ئەوانەی بە هاوڵاتیانی بیانی ناوده‌برێن ره‌وانه‌ی وڵاته‌كانیان نه‌كرێنه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ دەیان هەزار کەس لە گۆڕەپانی پشت باڵەخانەی پەرلەمانی هەنگاریا و دەوروبەری كۆبونه‌تەوه‌ بۆ بینینی پاپا فرانسیس پاپای فاتیکان.

پاپا له‌ وتارێكدا له‌به‌رده‌م ده‌یان هه‌زار كه‌س  وتی، دەرگا داخراوەکان بە ئازارن و پێچەوانەی فێرکاری و ئامۆژگاریه‌كانی حه‌زره‌تی مەسیحه.

پاپا فرانسیسی تەمەن 86 ساڵان لە وتارەکەیدا ڕایگەیاند، پێویستە هەنگارییەکان خۆیان لە دەرگا داخراوەکانی تاکگەرایی لە کۆمەڵگەیەکی کە تادێت گۆشەگیر دەبێت، دور بخەنەوە، ئەو دەرگایانەی کە ئێمە لە بیانییەکان دایدەخەین لەبەردەم کۆچبەران یان هەژاراندا قه‌یران دروستده‌كات و پێویستە پێشوازی لەو کۆچبەرانە بکرێت کە لە هەژاری هەڵدێن، چونکە دەتوانن لە ڕووی کلتورییەوە وڵاتانی میواندار دەوڵەمەند بکەن و ژمارەی دانیشتوانی ئەوروپا زیادبکەن.

پاپا پێیوایە لەکاتێکدا وڵاتان مافی پاراستنی سنورەکانیان هەیە، بەڵام پێویستە کۆچبەران لە سەرانسەری یەکێتی ئەوروپا دابەش بکرێن.

حکومەتەکەی ئۆربان بۆ ڕێگریکردن لە هاتنە ژورەوەی کۆچبەران، سیاجێکی پۆڵاینی لەسەر سنوری سڕبیا داناوە، ئه‌مە جگه‌ له‌ گرتنه‌به‌ری چه‌ندین رێوشوێنی توند دژی كۆچبه‌ران كه‌ روو له‌و وڵاته‌ ده‌كه‌ن.