سبەینێ… ئوردن میوانداری کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی ئوردن، سعودیە، عێراق، میسر و سوریا دەکات
دیمهشق – نۆرس پرێس
رۆژی دووشەممە، 1ی ئایاری 2023، ئوردن میوانداری کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتەکەی، سعودیە، عێراق و میسر لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سوریا دەکات.
بەگوێرەی کەناڵی مەملیکەی ئوردن، بڵاویکردەوە کە گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی ئوردن، سینان ئەلمەجەلی رایگەیاند، کۆبوونەوەکە لە درێژەی کۆبوونەوەی راوێژکاری وڵاتانی ئەنجوومەنی هاوکاری کەنداو، ئوردن، عێراق و میسر دێت کە لەلایەن سعودیەوە میوانداری کرا لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا بەرێوەچوو.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوە بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەکانی وڵاتانی بەشدارن لەگەڵ حکومەتی سوریا و لە چوارچێوەی پێشنیازەکانیدا هاتووە، هەروەها دەستپێشخەری ئوردن بۆ گەیشتن بە چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانەکانی سوریا.
رۆژی 14ی نیسانی 2023، کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو لە شاری جەدە، بە بەشداری وەزیرانی دەرەوەی میسر، عێراق و ئوردن، بۆ تاوتوێکردنی پرسی گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی بەرێوەچوو.
وەزیرانی عەرەبی بەشدار لە کۆبوونەوەی جەدە لەسەر گرنگی ڕۆڵی سەرکردایەتی عەرەبی لە هەوڵەکان بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانەکانی سوریا کۆک بوون.
چەند ڕۆژێک دوای کۆبوونەوەکە، فەیسەڵ فەرحان، وەزیری دەرەوەی سعودیە بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 2011ـەوە بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە دیمەشق. بە گوێرەی میدیای فەرمیی سووریا، سەردانەکە کۆتایی بە دەیەیەک لە چەقبەستوویی سیاسیی نێوان سعودیە و سووریا دەهێنێت. دیبلۆماتە سعودییەکە لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا کۆبووەتەوە.
جگە لەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد ئەلسەحاف، بە ئاژانسی هەواڵی واعی عێراقی راگەیاند، “رۆژی دووشەممە لە عەممان لەسەر ئاستی وەزاری کۆبونەوەیەک ئەنجام دەدرێت، کە تێیدا وەزیرانی دەرەوەی عێراق، ئوردن، سعودیە، میسر و سوریا بەشداری دەکەن، بۆ تاوتوێکردنی پرسی سوریا”.
ئاماژەی بەوەشکرد، “عێراق هەڵوێستی پتەوی خۆی نوێدەکاتەوە سەبارەت بە گەڕاندنەوەی سوریا بۆ کورسییەکەی لە کۆمکاری عەرەبی، بەپێی چارەسەرێکی سیاسی کە ئاسایش و سەقامگیرییەکەی بەرزدەکاتەوە”.